سەرۆکی ئەنەکەسە: سەرۆک بارزانی خەمخۆری دۆزی کورد و ڕۆژئاوای کوردستانە

محەممەد ئیسماعیل
محەممەد ئیسماعیل

سەرۆکی ئەنەکەسە و سکرتێری پەدەکەسە دەڵێت: سەرۆک بارزانی خەمخۆری دۆزی کوردە و دەیەوێت کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکبخات، دەشڵێت: هەرکاتێک ڕۆژئاوای کوردستان دووچاری قۆناغێکی سەخت بووبێتەوە، سەرۆک بارزانی بەهانایەوە هاتووە.

سێشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە و سکرتێری پەدەکەسە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەرۆک بارزانی هەمیشە خەمخۆری میللەتی کورد و پرس و دۆزی کوردە، بەتایبەتیش لە کاتێکدا کە چاوەکان هەمووی لەسەر سووریایە و کورد دەتوانێت لەو قۆناغە هەستیارە هەنگاوێک بهاوێژێت، چاوی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرۆک بارزانییە کە دەیەوێت یەکڕیزی بخاتە نێو هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی قۆناغەکە بە ئاسانی تێپەڕێنین، دەشڵێت: سەردانی نوێنەری بەڕێزیان، پەیامێکی مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان  کە بەچاوی مەزن لێی دەڕوانرێت، پەیامەکە دڵی گەلی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆشکردووە.

سەرۆکی ئەنەکەسە باسی لە هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی کرد لە قۆناغە جیاوازەکان و گوتی: هەر کاتێک گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بە سەرۆک بارزانی بووبێت، پشتیوانی دۆزی کورد و گەلی کوردی کردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان.

محەممەد ئیسماعیل پێی وایە، دەرفەتێک بۆ یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتووەتە پێش، دەڵێت: ئەنەکەسە بەردەوام دەستی یەکڕیزی بۆ لایەنەکان درێژ کردووە.

سەرۆکی ئەنەکەسە ئاشکرای کرد، دەیانەوێت وەکو گەلی کورد  سوود لەو قۆناغە نوێیەی سووریا وەربگرن،ئەوەش تەنها بە یەکڕیزی دێتە دی.

محەممەد ئیسماعیل گوتی: مەزڵوم عەبدی سەردانی نوێنەری سەرۆک بارزانی و پەیامەکەی بۆیان، بە هەنگاوێکی ئەرێنی بینی و گەشبینی نیشاندا لەو قۆناغەدا کە سووریا پێیدا تێپەڕ دەبێت.

گوتی: ئێمە ناکەوینە ژێر کاریگەریی و هەژموونی هیچ هێز و وڵاتێک، نابینە ئامرازی دەستی هیچ کەسێک، ئێمە خەمخۆری گەلی خۆمان و مافی گەلی کوردستانین لە ڕۆژئاوای کوردستان.