واشنتن.. دەستەی  متمانەبەخشینی پەروەردەیی هەرێمی کوردستان دوو ڕێککەوتنامەی واژۆ کرد

لە واشنتن، دەستەی متمانەبەخشینی پەروەردەیی هەرێمی کوردستان دوو رێککەوتنامەی لەگەڵ دوو دامەزراوەی متمانەبەخشینی ئەەمریکی واژۆ کرد. ئامانجی رێککەوتنامەکان بەرەوپێشبردنی ئاستی خوێندن و توانای قوتابییانی قوتابخانە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستانە.

دەستەی متمانەبەخشینی پەروەردەیی و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو دامەزراوەی متمانەبەخشینی ئەمەریکی رێککەوتن بۆ کاری هاوبەش و پێکەوەیی.

د. هونەر عیسا، سکرتێری گشتیی دەستەی متمانەبەخشینی پەروەردەیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ یەکەمجار لە مێژووی کوردستان، حکوومەتی هەرێم هاوبەشییەکی درێژخایەنی لەگەڵ کۆمیسیۆنی ویلایەتە ناوەڕاستەکان بۆ خوێندنی باڵا و کۆمەڵەی ویلایەتە ناوەڕاستەکان – کۆمیسیۆنەکانی قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا پێکهێناوە.

هاوکات دەڵێت: ئەم هاوکارییە پاڵپشتی دەستەی متمانەبەخشین بە پرۆگرام و دامەزراوەکانی کوردستان دەکات لە دانانی ستاندارد و دروستکردنی چوارچێوەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی قوتابخانە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

د. هونەر عیسا، ئاماژەی بەوە کرد، ستانداردکردن هێزی بزوێنەری چاکسازیی مانادارە لە ناوچەکەماندا.

لای خۆیەوە تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، گوتی: "چاومان لەو پەیوەندییە هاوبەشە بەهێزەیە وا لە قوتابییانمان لە کوردستان بکات ئاستی خوێندنیان بگەیێنێتە ئاستی خوێندنی نێودەوڵەتی و بڕوانامەکانیان لە وڵاتان دانی پێدابنرێت، هەروەها ئێمە متمانەمان هەیە کە ئەو پەیوەندییە هاوبەشە بەردەوام دەبێت لە بەهێزبوون."

کۆمیسیۆنی ویلایەتە ناوەڕاستەکانی خوێندنی باڵا و کۆمەڵەی ویلایەتە ناوەڕاستەکان بۆ خوێندنی بنەڕەتی و دواناوەندی، دوو دامەزراوەی گرنگی پەروەردەیین لە ئەمەریکا، کاری بنچینەییان بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنە. هاوبەشیبوونی ژمارەیەک زانکۆ و قوتابخانەی هەرێمی کوردستان لەگەڵیان، ژینگەی خوێندن بەرەوپێش دەبەن.

لەلایەکی دیکەوە، کریستن تالبۆت، سەرۆکی کۆمەڵەی ویلایەتە ناوەڕاستەکان بۆ خوێندنی بنەڕەتی و دواناوەندی، دەڵێت: "بە واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنامەیەی کۆمەڵەی ویلایەتە ناوەڕاستەکان، بۆ خوێندنی بنەڕەتی و دواناوەندی کە کار لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەیە دڵنیا بێت هەر قوتابییەک لە کوردستان کوالیتییەکی بەرزی خوێندن بەدەستدێنێت، بۆ ئەوەی بتوانن ببنە کەسانی سەربەخۆ و بەشداربن لە خواستی گەیشتنی کوردستان بە مافی چارەی خۆنووسین. هەروەها کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران و فرە کولتووری بۆ هەموو لایەک بنیات بنێن."

هەروەها لە کۆتاییدا هیزەر پێرفێتی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ویلایەتە ناوەڕاستەکانی خوێندنی باڵا، بە کوردستان24ـی گوت: ئەو رێککەوتنامەیە پابەندبوونێکی ڕاستەقینەیە بۆ دڵنیایی جۆری خوێندن لە هەرێمی کوردستان. کۆمیسیۆنی ویلایەتە ناوەڕاستەکانی خوێندنی باڵا هاوبەشێکی ئەو شانازییەیە لەو کارەدا. ئێمە چاوەڕێین بەیەکەوە ئاستی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببەین."

بەگوێرەی ڕێککەوتنامەکان لە قۆناخی سەرەتادا، شەش زانکۆ و 11 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان وەک ئەزموونی کاریان لەسەر دەکرێت. ڕێککەوتنامەکانیش تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2029 بەکار دەبن.