کەمال محەممەد: تا کۆتایی 2026 لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێری

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان گوتی: لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکییەوە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر کارەباکانیان بووەتە 24 کاژمێری و لە ئێستادا 80 هەزار هاوبەش لەو خزمەتگوزارییە سوودمەندبوونە، ئەم پرۆژەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

سێشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2025، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە وەرزی زستاندا خواست لەسەر کارەبا زۆر دەبێت، کە ئێستا سەروو 7 هەزار مێگاواتە، هەروەها لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی کێشەی کەمی کارەبا چارە دەکرێت.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئێستا نزیکەی 80 هەزار هاوبەش لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەندن و کارەباکانیان بووەتە 24 کاتژمێری و ئەم پرۆژەیەش سەرەتا لە چەند گەڕەکێکی هەولێر جێبەجێ کرا.

کەمال محەممەد، گوتی: لە کۆتایی ساڵی 2026 لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێری و سەرجەم دانیشتووان لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەند دەبن.