37 ساڵە ئێران ئامادە نییە کتێبەکانی کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجە بگەڕێنێتەوە

دوای 37 ساڵ لە کیمیایبارانی هەڵەبجە، تاوەکو ئێستا چارەنووسی 13 هەزار کتێبی کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجە، لە ئێرانە و ئەو وڵاتە ئامادە نییە تەنیا کتێبێکیش بگەڕێنێتەوە، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجەش دەڵێت:"کتێبەکان سەرچاوەی گرنگ و دەگمەنیان تێدایە و ئێران نکۆڵیان لێ دەکات."
عومەر محەممەد، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجە، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "لە ساڵی 1988 ـەوە، لە کاتی کیمیایبارانی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، 13 هەزار کتێبی کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجە، لەلایەن ئێرانەوە بردراون و تاوەکوو ئێستاش نکۆڵی دەکات و ئامادە نییە تاکە کتێبێکیش بگەڕێنێتەوە."
عومەر محەمەد، باسی ئەوە دەکات: لە ساڵانی ڕابردوو، چەندین جار، لە ڕێگەی سەرۆکی حکوومەت، جێگرەکەی و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، بە نامەی فەرمی، داوامان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کتێبانە، بەڵام هیچی لێ بەرهەم نەهات، سۆراغێکی زۆرمان کرد، بۆمان ڕوون بووتەوە، سەرجەم کتێبەکان لە کتێبخانەکانی سنووری پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن."
بەڕێوەبەری کتێخانەی گشتیی هەڵەبجە گوتیشی: "لە نەوەدەکانەوە، تەنیا نزیکەی 250 کتێب گەڕاندراوەتەوە، بەڵام ئەو کتێبانەی کاتی خۆی بردراون، سەرچاوەی زۆر دەگمەن و دەوڵەمەندیان لەبارەی مێژووی کورد و چەندین بابەتی دیکەی تێدابووە کە بەشێکیان دەستنووسن.
ئێستە کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجە زیاتر لە 50هەزار کتێبی تێیدایە، مێژووی کتێبخانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1936.