هەولێر نەیتوانی لە تەڵەبەكانی بەغدا بباتەوە

هەولێر لە دوایین 3 یاری تەنیا یەك خاڵی كۆكردۆتەوە

لە گەڕی چواردەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق هەولێر بووە میوانی تەڵەبە و یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک دۆڕاند، ئەمەش پێنجەمین شكستی تیپەكەی سەمیر بابۆ بوو لەم وەرزە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی جەنیوەری 2025، لە یاریگەی ئەحمەد رازی لە بەغدا، تەڵەبە میوانداریی یانەی هەولێری كرد، لە خولەکی 10 شێرکۆ کەریم بە لێدانی پێناڵتی گۆڵی پێشکەوتنی هەولێری کرد، دواتر لە خولەکی 19 ئۆگستن ئیمۆتۆ ئەنجامەکەی بۆ تەڵەبە یەکسانکردەوە.
لەسەرەتای نیوەی دووەم شەریف عەبدولکازم گۆڵی دووەمی بۆ تەڵەبە تۆمار کرد و یارییەكە بەم ئەنجامە بە 2 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لە بەرژەوەندی تەڵەبە كۆتایی هات.
هەولێر لە دوایین 3 یاری تەنیا یەك خاڵی كۆكردۆتەوە، لە بەرامبەردا تەڵەبە لە دوایین 5 یاری، 4 بردنەوە و یەكسانبوونێكی تۆمار كردووە و بە كۆكردنەوەی 24 خاڵ لە خانەی شەشەم دێت.
هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە كۆی 14 یاری، 5 بردنەوە، 4 یەكسان، 5 شكستی هەیە و 20 گۆڵی هەیە و 25 گۆڵی لێكراوە و بە كۆكردنەوەی 19 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی لە خانەی دەیەم دێت.