زاخۆ دوای 381 رۆژ لە نێو یاریگەی خۆی دۆڕا
زاخۆ لە دوایین 8 یاری، 5 بردنەوە و 2 شكستی تۆمار كردووە

لە گەڕی چواردەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی زاخۆ بۆ یەكەمجار دوای 361 رۆژ یەكەمین یاریی لە نێو یاریگە نێودەوڵەتییەكەی دۆڕاند، ئەمەش سێیەمین شكستی یانەكە بوو، هەر سێ شكستەكەشی بەرامبەر یانەكانی بەغدا (جەوییە، نەفت و كارەبا) بووە.
یانەی زاخۆ لە دوایین یاریی خولی ئەستێرەكانی عێراق لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانی میوانداریی یانەی كارەبای شاری بەغدای كرد، سەرەڕای ئەوەی بەدرێژایی ماوەی یارییەكە كۆنترۆڵی تۆپ لەژێر قاچی یاریزانانی زاخۆ بوو، بەڵام یارییەكەیان بە گۆڵێكی بێبەرامبەر دۆڕاند، گۆڵەكەی كارەباش لە رێگەی ئەمۆری فەیسەڵ لە خولەكی 30ـی نیوەی یەكەم تۆمار كرا.
یانەی كارەبا دوای 8 یاریی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، یەكەمین سەركەوتنی تۆمار كرد، ئەمەش یەكەمین بردنەوەی یانەكە بوو لەژێر سەرپەرشتی وەلی كەریمی راهێنەری كوردی یانەكەی.
لە بەرامبەردا یانەی زاخۆ لە دوایین 8 یاری، 5 یاری بردووەتەوە و دوو یاریشی دۆڕاندووە و 5 كلین شیتی تۆمار كردووە.
