گاڤی دڵنیایی دەداتە هاندەرانی بارسێلۆنا

ئاراوخۆ و گاڤی یاریزانانی بارسێلۆنا
ئاراوخۆ و گاڤی یاریزانانی بارسێلۆنا

گاڤی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا لەبارەی مانەوەی رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاری ئۆرۆگوایی، دڵنیایی دەداتە هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە.

دوای سەرکەوتنەکەی بارسێلۆنا بەسەر یانەی ریاڵ بێتیس لە قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا، گاڤی قسەی بۆ رۆژنامەی "ئاس" کرد و گوتی: یارییەکی باشمان ئەنجامدا و پێویست بوو بەو شێوازە بین، کۆتا دۆڕانەکانی بارسێلۆنا دادپەروەرانە نەبوو، لە یارییەکان هەموو شتێکمان دەکرد بەڵام تۆپە نەدەچووە گۆڵەوە پێم وابێت بەخت یاوەرمان نەبوو.

لەبارەی مانەوەی ئاراوخۆ لە یانە کەتەلۆنییەکە، جەنگاوەرە بچووکەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: هاندەرانی بارسێلۆنا دڵنیا دەکەمەوە، راستە هەندێك لە رۆژنامەکان چیرۆکی جیاواز لەبارەی یاریزانەکە دەگێڕنەوە و راگەیاندنەکان دەنگۆی زۆر بڵاودەکەنەوە، بەڵام زۆرجار راست نین، بە دڵنیاییەوە رۆناڵد ئاراوخۆ دەمێنێتەوە.

یاریزانە کەتەلۆنییەکە لێدوانەکەی بەم قسانە کۆتایی پێهێناوە: ئێمە شایەنی ئەوە بووین هەموو ئەو یارییانە ببەینەوە، کە خاڵمان لەدەستدا، ئامانجی بە تەنیا ئەوە نییە گۆڵ تۆمار بکەم، گرنگترین شت لای من سەرکەوتنی بارسێلۆنایە، بەڵام ئەگەر گۆڵ بکەم بێگومان باشترە.

گاڤی تەمەنی 21 ساڵە و لە 2021 سەخراوە بۆ تیپی یەکەمی بارسێلۆنا، نرخی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 80 ملیۆن یۆرۆیە.