داهاتی گومرگەکانی عێراق لە 2024دا ترلیۆنێک دیناری تێپەڕاندووە

پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، دەستەی گومرگی عێراق ڕایگەیاند "داهاتە گومرگییەکانی عێراق لە ساڵی 2024، ترلیۆنێک دیناری تێپەڕاند، هەروەها لە هەوڵداین بۆ تەواوکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە ناوەندە گومرگییەکان لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا.

سەرۆکی دەستەی گومرگ، حەسەن عگێلی بە میدیای ناوخۆیی گوت: "دەستەکەیان لە بەردەم لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستکەوتەکانی 2024 و پلانەکانی 2025یان خستووەتە ڕوو."

حەسەن عگێلی، ڕوونیشی کردەوە "دەستەی گشتیی گومرگ، کاردەکات بۆ ئەوەی لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی و فراوانکردنی بۆ سەرجەم ناوەندەکانی گومرگ تەواو بکات"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئامانج ئەوەیە سەرجەم دەروازە گومرگییەکان سیستەمی ئەلیکترۆنی و نوێترین شێوازە گومرگییەکان کە پشت بە تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد دەبەستێت، پەیڕەو بکەن."

گوتیشی: "لەساڵی 2024، داهاتی دەستەی گشتیی گومرگ، بەبێ گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، ترلیۆنێک و 131 ملیار دینار بووە، پیشبینیش دەکەین داهاتە گومرگییەکان بۆ ئەمساڵ زیاتر بێت."