کارگەیەک لە هەولێر ساڵانە سەدان هەزار تۆن شیش بەرهەمدێنێت و ژینگە پیس ناکات

کارگەی دروستکردنی شیش
کارگەی دروستکردنی شیش

لە هەرێمی کوردستان دەیان کارگەی تایبەت بە دروستکردنی کەرەستەکانی بینەسازیی هەن، ئەم کارگانە بە کوالێتی بەرز  کەرەستەی زۆر جیاواز بەرهەمدێنن و دەیخەنە بازاڕەوە، بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەنێردرێت، کارگەکانی هەرێمی کوردستان جگەلەوەی بە  کەوالێتیەکی بەرز کاردەکەن و بەرهەمێکی باشیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی مەرج و ڕێنماییەکانی حکوومەتن بۆ پاراستنی ژینگە.

کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شیش لە هەولێر، ئاسنی کۆنی کۆکراوە لەڕێگەی کورەکانی گەرم کردنەوە دەتوێنێتەوە، دوای چەند قۆناغێکی کارکردن دەکرێنە قالب و لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەکرێن بە شیشی دروستکردنی خانوو و باڵەخانە، سروشتی ئەو جۆرە پرۆژانە دەرهاوێشتەی دووکەڵ و پیسی هەیە، لە پرۆژەیەکەدا لەڕێگەی وێستگەی پاککردنەوەی دووکەڵی کارگەکە، چارەسەری پاشماوەی دووکەڵی ئاسنە تواوەکان دەکرێت، لەڕێگەی لوولەکانی دووکەڵ کێشێکەوە، ماددەکانی ناو دووکەڵەکە پاک دەکرێنەوە و دەکرێن بە پۆدرە و هەڵم.

محەممەد عەبدولکەریم، ئەندازیاری میکانیکی پرۆژەکە دەڵێت: بەشی دووکەڵکێشی پرۆژەکە، ئەو دووکەڵەی لە ئەنجامی تواندنەوەی ئاسن پەیدا دەبێت، چارەسەر دەکات لەڕێگەی دوو بۆریەوە کە دێتە نێو بەشی دووکەڵکێش، یەکێک لەو بۆریانە پلەی گەرمی بڵندترە بە بەراورد بە بۆریەکەی دیکە، بەو مانایەی ئەو دووکەڵەی تێیدا هەیە لەڕێگەی 14 فلتەرەوە  دووکەڵەکە دەکرێت بە تۆز، بەشێوەیەک ڕۆژانە 25 فەردە بۆ 30 فەردە تۆز کۆ دەکەینەوە.

بەرهەمهێنانی شیش وەک یەک لە پرۆژە گرنگەکانی بواری ژێرخانی پیشەسازیی هەژمار دەکرێت، لەو کارگەیە ساڵانە سەدان هەزار تۆن شیش بەرهەم دێت، ئەم کارگەیە کاریگەریی لەسەر بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەیە.

محەممەد یەحیا، بەڕێوەبەری کارگەکە دەڵێت: وەک کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شیش لە ئاستی عێراقدا، ساڵانە 750 هەزار تۆن شیش بەرهەم دێنین، ئەوەش بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانە لەسەر ئاستی عێراقدا.

دەشڵێت: وەک چۆن گرنگی بە بەرهەمهێنانی شیش دەدەین، بەهەمان شێوە گرنگیی بە پاراستنی ژینگە دەدەین و هەموو بڕیار و ڕێنماییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگە جێبەجێ دەکەین.