هاڕوون ئەحمەد خەڵاتە تایبەتەكەی كوردستان24ـی بەدەستهێنا

هاڕوون ئەحمەد مایسترۆكی یانەی دهۆك بە ئەستێرەی هەفتە دەستنیشان كرا

هاروون ئەحمەد مایسترۆی یانەی دهۆك خەڵاتە تایبەتەكەی كوردستان24ـی بردەوە و بە ئەستێرەی هەفتەی خولی ئەستێرەكانی عێراق دیاریكرا و بووە دووەمین یاریزانی هەڵۆیەكان كە ئەو خەڵاتە بباتەوە.
هاروون ئەحمەد كاپتن و ناوەراستكاری یانەی دهۆك لە یاریی رابردوو سەركردایەتی بردنەوەی یانەكەی لە دژی قوە جەوییە كرد.
ئاستبەرزی هاروون ئەحمەد لەو یارییە میدیایەكانی عێراقی هەژاند و لەپێناو پشتگیریكردنی بۆ گەیشتن بە هەڵبژاردەی عێراق كۆدەنگییەكی گەورە لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوە دروست بوو، تەنانەت لە سۆشیاڵمیدیا كاساس رەخنەباران كرا بەهۆی ئەوەی تائێستا هاروونی ئەحمەدی بۆ بانگهێشتكردنی هەڵبژاردەی عێراق پشتگوێخستووە.
هاروون ئەحمەد دوای ئەو ئاستە بەرزەی بەرامبەر جەوییە پێشكەشی كرد، بەرزترین نمرەی لە هەڵسەنگادنەكانی دێسكی وەرزشی كوردستان24 بەدەستهێنا و بە ئەستێرەی هەفتەی گەڕی رابردووی خولی ئەستێرەكانی عێراق دیاریكرا و دوای پاشەنگ عەبدوڵڵا بووە دووەمین یاریزانی هەڵۆیەكان لەم وەرزە خەڵاتە ناوازە و تایبەتەكەی كوردستان24 بباتەوە.