کۆمپانیای "بی پی" وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دەکات

کۆمپانیای بی پی بەریتانی کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە دۆزینەوەی نەوتی کەرکووک گێڕاوە، ئێستا جارێکی دیکە دەیەوێت بگەڕێتەوە کەرکووک، بە گوێرەی یاداشتی لێکتێگیەشتن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت وەبەرهێنان لە چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک بکات.

کۆمپانیای بی پی بەریتانی، بەردەوامە لە فراوانکردنی وەبەرهێنانەکانی لە عێراق، لە کاتێکدا لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا ڕۆڵی سەرەکی لە دۆزینەوەی نەوتی کەرکووک گێڕاوە، بە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگیەشتن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیاکە دەیەوێت پێگەی خۆی لە بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک بگەڕێنێتەوە.

یاداشتەکەی نێوان کۆمپانیای بی پی بەریتانی و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر بنەمای دابەشکردنی قازانجە، هەریەکەیان پابەندکراون لە هەفتەی یەکەمی مانگی شووبات گرێبەستێک واژۆ بکەن.

بە گوێرەی ڕێککەوتنی سەرەتایی، بی پی بەریتانی وەبەرهێنان لە چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک دەکات، هەروەها کۆمپانیاکە دەیەوێت بەرهەمهێنانی نەوت لە هەر چوار کێڵگەکەدا لە نزیکەی 350 هەزار بەرمیل بۆ 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە.

بەشێکی دیکەی ڕێککەوتنەکە کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵە، بە گوێرەی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتیی، عێراق لە دوای ڕووسیا و ئێران، ڕیزبەندی سێیەمی لە سووتانی گازی هاوەڵ گرتووە. عێراق پلانی هەیە تاوەکوو ساڵی 2026 سووتانی گازی هاوەڵ بە 80% سنووردار بکات و لە ساڵی 2028 سووتانی گاز بگەیەنێتە سفر.