زیاتر لە هەزار و 500باغی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان هەن

لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گرنگییەکی تەواو بە کەرتی کشتوکاڵ دراوە، لەم سۆنگەوە چەند کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی زەیتی زەیتوون دروست کران.

یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری دار زەیتوون هەن و بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەراتییەکەمان، ملیۆنێک و 500 هەزار دار زەیتوون هەن، ئاماری ساڵی ڕابردوومان بەردەست نییە، بەڵام تا ساڵی 2023، هەزار و 800 تۆن بەرهەمی زەیتوون بووە.

هەڵکەوت عبدولڕەحمان، گوتیشی: حەفت کارگەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون هەن و هەزار و 350 جووتیار کاری تێدا دەکەن.

زەیتوونی هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی هەیە

پسپۆڕێکی دارستان و باغەوان دەڵێت: زەیتوونی هەرێمی کوردستان چەندین تایبەتمەندی هەیە و خاکەکەی گونجاوە بۆ داری زەیتوون.

پرۆفیسۆر، شلێر شێخانی، پسپۆڕی تایبەتی دارستان و باخەوان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند": خاکی هەرێمی کوردستان زۆر گونجاوە بۆ زەیتوون و چەندین تایبەتمەندی هەیە،کورتی دارەکان، کە دەتوانن ژمارەیەکی زۆری دار زەیتوون بچێندرێت و بە زووی بەرهەمیان هەبێت.

شلێر شێخانی، گوتیشی: باشترین جۆری زەیتوونی هەرێمی کوردستان، سۆرانی و زیڕی و ئەلبیکانۆیە، کە رێژەیەکی زۆری زەیتی تێیدایە و زەیتەکەشی زۆر باشە.

هەزار و 500 باخی زەیتوون هەن

ئەو پسپۆڕە باسی لەوەشکرد: لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی بەرهەمی زەیتوون زیادی کردووە، زیاتر لە هەزار و 500 باغی زەیتوون هەن، 350ـی لە پارێزگای هەولێر و 300ـی لە پارێزگای سلێمانییە، ئەوانی دیکە، له دهوك ، ئاكرێ، شێخان، هه ڵەبجە، ڕانیە و گەرمیانن.

هەروەک شلێر شێخانی باسی کرد، ژمارەیەک کارگەی زەیتی زەیتوون کراونەتەوە، گرنگییەکی زیاتری پێ دراوە، لە ئەگەری چاندنی ژمارەیەکی زیاتری دار زەیتوون دەتوانن بەرهەمی زەیتی زەیتوون بۆ ڕێژەیەکی زۆر زیاتر بکرێن، چونکە ئەو ڕێژەیەی هەیە، ناتواندرێت پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە. 

زەیتی زەیتوون بۆ چەندین مبەست بەکاردێت و پسپۆڕانی تەندروستی باسی چەندین سوودی سەرسوڕهێنەری دەکەن، زەیتوون لە هەرێمی کوردستان لە دوای پێنج ساڵییەوە پێ دەگات و بەرهەمی دەبێت.