عێراق هەوڵدەدات پشتبەستن بە گازی ئێران کەم بکاتەوە

حکوومەتی عێراق هەوڵدەدات پشتبەستن بە گازی ئێران وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی وزە کەم بکاتەوە، ئەم هەنگاوەش بەهۆی فشارە نێودەوڵەتییەکان دێت، بەتایبەتی سزاکانی ئەمەریکا کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون. لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ڕێگەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان، كار لەسەر پلانێكی دەكات بۆ بەرھەمھێنانی گاز لە ناوخۆی عێراق. 

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ھاوردەكردنی گاز لە ئێرانەوە تێچووەكەی زۆرە، جگە لەوەش بەهۆی هەلومەرجی تایبەتی ئێران، ناتوانرێت ئەم گازە بە بەردەوامی دابین بکرێت، ئاماژەی بەوەش كرد، ھەوڵدەدەن كار لەسەر بەدیلێك بكەن، ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە بەرھەمی ناوخۆیی و لە رێگەی پرۆژەی تۆتاڵەوە لە باشووری عێراق كە دەستکەوتێکی گەورە دەبێت. 

ساڵی 2023 عێراق و كۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەڕەنسی لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەیەكی زەبەلاحی نەوت ڕێككەوتن، كە بەهای گرێبەستەكەش 27 ملیار دۆلارە و بۆ ماوەی 25 ساڵ جێبەجێ دەكرێت.

لای خۆیەوە، ئەحمەد عەبدوڵڵا، توێژەری ئابووری، ڕایگەیاند، هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی گاز ئەنجامی نابێت، تاوەكو ئەو ئاستەنگ و ئالنگارییانەی دەخرێنە بەردەم کەرتی وزە چارەسەر نەكرێن. 

دەشڵێت، کەرتی وزە بەھۆی نەبوونی ژێرخانێكی بەھێز و بودجەوە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە بووەتەوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گازدا، ئاماژە بەوەش دەكات، گوشارە سیاسییەکان بە یەکێک لە گرنگترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆژەكان دادەنرێت، لەبەر ڕۆشنایی بوونی هێزی ناوخۆیی و دەرەکی كە نایانەوێت پشتبەستن بە گازی ئێران کەم بكرێتەوە. 

عێراق خاوەنی یەدەگی گازی زۆرە و لە پلەی سێزدەیەمینی ڕیزبەندی جیھانی دێت، وەبەرهێنانی گاز واتە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی و داهات، ئەمەش بە پشتبەستن بە گرانبوونی نرخەکانی و نەبوونی سنووردارکردن لە ئاستی بەرهەمهێناندا، وەک چۆن لە سنووردارکردنی ئۆپێک بۆ بەرهەمهێنانی نەوتدا سەپێنراوە.

 
Fly Erbil Advertisment