محەممەد شوکری: یاساکانی ئێمە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان کار بکەن

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و هەبوونی ماڵی کوردستان لەداڤۆس، دەرفەتی زیاتری ناساندنی هەرێمی کوردستان بە وەبەرهێنەرانی بیانی دەدرێت

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی شاندێک لەگەڵ وەبەرهێنەران لە داڤۆسە.

گوتیشی: "بەرنامەی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە (WEF) دیداری لەگەڵ سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسان و وەبەرهێنەرانی وڵاتان دەبێت، هەروەها لە ڕۆژانەی 21 و 22 و 23ـی کانوونی دووەم، لە ماڵی کوردستان چەند پانێلێکی تایبەتمان بۆ وەبەرهێنەران دەبێت."

ئاماژەی بەوەش کرد، "بەشداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و هەبوونی ماڵی کوردستان، دەرفەتی زیاتری ناساندنی هەرێمی کوردستان بە وەبەرهێنەرانی بیانی دەدرێت، بەمەش دەتوانین وەبەرهێنەری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان ڕاکێشین."

محەممەد شوکری باسی لەوەش کرد، "ئەو بەرنامانەی ئامادەمان کردووە، بەرمەبنای ڕیسا و یاسای ڕێنماییەکانی هەرێمی کوردستانە، هەروەها وەبەرهێنەرانی ئێمە دەتوانن هاوبەشی ئابووری لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی دروست بکەن، چونکە ئێمە سەرەکیترین وەبەر هێنەرەکانی کوردستانمان لە هەموو سێکتەرەکان هێناوە."

دەشڵێت: "چاوەڕوانین لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرانی خۆمانەوە سەرنجی وەبەرهێنەرانی دیکە ڕابکیشین، هەروەها کوردستان هەرێمێکە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە ناوچەیەکی گەشەسەندوو، چونکە توانا و دەرفەتی وەبەرهێنانی باشی هەیە،  هەروەها یاساکانی ئێمە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی بیانییەکان بێن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن." 

دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025, مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس، لە ڕێوڕەسمێکدا (ماڵی كوردستان)ـی كردەوە و ڕایگەیاند: خۆشحاڵم کە بۆ دووەم ساڵ بە ناوی ماڵی کوردستان، بەشدارین لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس.

 

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment