بازرگان و ئابووریناسان بە گرنگییەوە باسی ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکەن

بۆ ئەم ساڵ ژمارەیەک لە بازرگانانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە یاوەری سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بەشداری 55ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس دەکەن، ئەمەش بە هەنگاوێکی گرنگی سەرۆک وەزیران دەزانن بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و وڵاتاندا.

خالید خۆشناو، بەڕێوەبەری کۆمپانیایی هێمن گرووپ، لە ماڵی کوردستانی لە داڤۆس، ڕایگەیاند، کردنەوەی ماڵی کوردستانی لە چوارچێوەی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانج لێی ناساندن و کردنەوەی دەرگایەکی ئابوورییە، بەڕووی جیهاندا، دەروازەیەکە دروستکردنی پەیوەندی بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بازرگان و ئابووریناسانی بیانی.

هەروەها سوپاسی سەرۆک وەزیران، مەسروربارزانی کرد، کە دەرفەتی بە ژمارەیەک بازرگانی هەرێمی کوردستان داوە بۆ ئەوەی ئەم ساڵ لە 55ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس بەشداربن.

خالید خۆشناو، باسی لەوەشکرد، دەکرێت ئەم دەرفەتە سوودێکی گەورەی لێی وەربگیرێت بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، چونکە ژمارەیەکی بەرچاوی بازرگانانی وڵاتان، بەشداری کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس دەبن.

شەوی ڕابردوو ، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا (ماڵی كوردستان)ـی كردەوە و ڕایگەیاند: خۆشحاڵم کە بۆ دووەم ساڵ بە ناوی ماڵی کوردستان، بەشدارین لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس. 

ماڵی کوردستانی لە داڤۆس، بۆ دووەم ساڵە لەسەر دەبێتە ناوەندێکی ستراتیجی بۆ میوانداریکردنی شاندە بیانییەکان و دیدارەکانی ڕێکخستن و بە هێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment