پۆلیسی ئەڵمانیا: لە هێرشێکدا بە چەقۆ دوو کەس کوژران

ئەڵمانیا
ئەڵمانیا

لە ئەڵمانیا کەسێک بە چەقۆ لە پارکێکی شاری ئەشافنبۆرگ هێرش دەکاتە سەر خەڵک، دوو کەس دەکوژێت و دوو کەسی دیکەش بە سەختی برینداردەکات، یەک لە کوژراوەکان منداڵێكی تەمەن دوو ساڵەیە.

شەوقی کانەبی، پەیامنێری کوردستان24 لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند: کەسێكی بە ڕەچەڵەک ئەفغانی کە پەنابەرە لە ئەڵمانیا و لە یەکێک لە کەمپەکانی پەنابەران دەژیت، هێرشی کردووەتە سەر ژمارەیەک خەڵک لە پارکێکی شاری ئەشافنبۆرگ، لەو کاتەدا گرووپێکی منداڵان لە باخچەی ساوان بەوێدا تێپەڕ بوون، بەهۆی هێرشەکەوە منداڵێکی دوو ساڵە لەگەڵ پیاوێکی تەمەن 40 ساڵە کوژراون، هێرشکارەکە چەند کەسێکی دیکەشی بریندار کردووە کە زۆرینەیان منداڵن و دوو لە بریندارەکان برینەکەیان سەختە.

پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە: جارێ هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕووداوەکە بڵاو ناکەنەوە، بەڵکو زانیاریی وردتر کۆ دەکەنەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامی پێدەدەن، بەڵام میدیای ئەڵمانیا بە وردی باس لە شێوازی هێرشەکە دەکەن، ئەو پارکەی ڕووداوەکەی لێی ڕوویداوە، پێشتر چەند جارێکی دیکە ڕووداوی هەمان شێوەی لێ ڕوویداوە، بەڵام زانیارییەکان پشتڕاستکراونەتەوە کە هێرشکارە ئەفغانییەکە دەستگیر کراوە، پۆلیسیش دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان هیچ  مەترسییەکی دیکە نەماوە.