سەفین دزەیی: کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئابووری نێودەوڵەتی

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ماڵی کوردستان دەرفەتێکی باشە بۆ نزیکبوونەوەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و جیهان بۆ ئەوەی ئابووری کوردستان پێشبخەین، دەشڵێت: ئێستا کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئابووری نێودەوڵەتی.
چوارشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2025، سەفین دزەیی سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەكوردستان 24ی راگەیاند:" ئێمە لە داڤۆس لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئەورووپی و وەزیرانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووینەوە، بەمەبەستی باسكردنی باردۆخی ناوچەكە و پێشهاتەكان، هەروەها هەرێمی كوردستان بەشێكە لە سیستەمی ئابووریی نێودەوڵەتی لە ڕووی ئاسایشی وزە و خۆراك، بۆیە دیدارەكانمان گرنگن.
سەفین دزەیی گوتی: ئەو کۆڕبەندە ئابوورییەی داڤۆس، پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتییە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری سەرکردە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان بۆ گەنگەشەکردنی بابەتی ڕۆژ و کێشەکانی جیهان لەبواری ئەمنی و ئابووری و سەربازیی گفتوگۆ دەکەن، دەشڵێت: دەرفەتە بۆ ئێمە و هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە دیداری سیاسی و ئابووریمان هەبووە و دەبێت، دەڵێت: توانیمان دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیران لە ئەورووپا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدەین، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی دوایی ناوچەکە، هەروەها ئەو دەرفەتانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بۆ پێشخستنی ئابووری، هەرێمی کوردستانیش بەشێکی دانەبڕاوە لە ئابووری نێودەوڵەتی لەڕووی وزە و ئاسایشی خۆراک و چەند بوارێکی دیکەش.
سەفین دزەیی ئاشکرای دەکات، ماڵی کوردستان لە داڤۆس سەردانیکاری زۆری هەیە، لەوێ دەتوانن کوردستان زیاتر بە جیهان بناسێنن لە ڕووی ئابوورییەوە، بەتایبەت کۆمپانیا گەورەکانی جیهان، دەکرێ کۆمپانیاکانی جیهان و هەرێمی کوردستان پەیوەندیی دروست بکەن و ئابووری زیاتر پێشبخەن، بەڵکو بتوانن پرۆژەی هاوبەشیش ئەنجام بدەن.