سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و شازادەی جێنشینی ئوردن پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شازادەی جێنشێنی ئوردن کۆبوونەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ حوسێن بن عەبدوڵڵا، شازادەی جێنشینی ئوردن کۆبووەوە.
شازادەی جێنشینی ئوردن، ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانە و لە مێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردنی کرد و ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی ئوردن و شا عەبدوڵلای کرد کە لە قۆناغە جیاکاندا پشتگیریی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سووریا تاوتوێ کرا و جەخت لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی و مافی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە کرایەوە.
لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێز ئەلحوسەین بن عەبدوڵڵا شازادەی جێنشینی ئوردن، ئاماژەمان بە پەیوەندیی دێرینی کوردستان و ئوردن کرد و سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیانم کرد.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) January 22, 2025
گۆڕانکارییەکانی سووریامان تاوتوێ کرد و جەختمان لە پاراستنی سەقامگیریی و مافی پێکهاتەکانی وڵاتەکە کردەوە.