خەڵاتی ماملێ بۆ ئەمساڵ دەدرێتە هونەرمەند عەلی ئەکبەر مورادی
ئەمڕۆ 25 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی محەمەدی ماملێ تێدەپەڕێت

ساڵانە لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد، محەمەدی ماملێ، ناوەندی ماملێ، خەلاتی ڕێزلێنان دەبەخشێتە هونەرمەندێکی کورد.
محەممەد سەعید عەلی، ناسراو بە "ماملێ" لە ساڵی 1925 زایینی لە گەڕەکی خڕێی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. لە 23ی کانوونی دووەمی 1999ـی زایینی، بە نەخۆشی لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
بنەماڵەی ماملێ دەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش و زوڵاڵیان هەبووە، هەر ئەم بۆمانەوەشە هانی ماملێی داوە لە منداڵییەوە هونەر بکاتە هاوڕێی خۆی و ببێت بە یەکێک لە شۆڕەسوارانی هونەری کوردی.
محەممەدی ماملێ یەکەم بەرهەمی گۆرانیی خۆی لە ساڵی 1938 تۆمار کردووە. ماملێ ئاشناتی زۆری لەگەڵ هونەرمەندانی سەردەمی خۆی هەبووە؛ بە گشتیش خاوەنی زیاتر لە 700 گۆرانییە.
خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد؛ ماوەی 16 ساڵه لەلایەن ناوەندی ماملێوە چالاکە و هەموو ساڵێک پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەری کوردیدا شوێندانەر و کارتێکەر بوون و گەشەیان پێ بەخشیوە.
بۆ ئەمساڵیش خەڵاتەکە پێشکەشی هونەرمەندی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان عەلی ئەکبەر مورادی دەکرێت.
ئەو هونەرمەندانەی خەلاتەکەیان پێ بەخشراوە، ئەمانەن:
1- قالە مەڕە
2- ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری)
3- عەباس کەمەندی
4- عەزیز شارووخ
5- ناسر رەزازی
6- زۆزان
7- تیپی موسیقای سلێمانی
8- مەزهەر خالەقی
9- خەلیل خەمگین
10- حوسێن سەفامەنێش
11- محەممەد ڕەزا دارابی
12- دڵشاد سەعید
13- کاوە فەقیەزادە
15-شڤان پەروەر