مەسرور بارزانی: بە پەیوەندیی بەهێزتر و دەرفەتی زیاتر بۆ داهاتووی کوردستان، داڤۆس جێدەهێڵین

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، بە پەیوەندیی بەهێزتر و دەرفەتی زیاتر بۆ داهاتووی کوردستان، داڤۆس جێدەهێڵین.

پێنجشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی داڤۆس بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە، "بە پەیوەندیی بەهێزتر و دەرفەتی زیاتر بۆ داهاتووی کوردستان، داڤۆس جێدەهێڵین".

مەسرور بارزانی، لە داڤۆس، لە ماوەی چوار ڕۆژدا  زیاتر لە 15 کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران، وەزیر، بەرپرس، وەبەرهێنەر و خاوەن کۆمپانیاکانی جیهان ئەنجامدا، تێیدا جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتان کردووەتەوە.

دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە دوو  هەزار و 500 سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی وڵاتان، 55ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا دەستی پێکرد.

لە ساڵی 1971ـەوە تاوەکوو ئێستا کۆربەندی داڤۆس بەردەوامە و، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چوار ساڵە بەشداریی لە کۆربەندەکە دەکات و ماڵی کوردستانیش دووەم ساڵە لە داڤۆس میوانداری سەرۆک و سەرکردە و شاندی وڵاتان دەکات.