وەزارەتی کشتوکاڵ: زیاتر لە چوار هەزار تۆن بنەتۆی گەنم بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دراوە

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی چاندن، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بنەتۆ بەسەر جووتیاران دابەش دەکات.

هەینی، 24ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕێژین سدیق، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنەتۆ، لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ساڵانە وەک پشتگیرییەک وەزارەت بنەتۆ، بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ، دەداتە جووتیاران، بۆ وەرزی ئەمساڵ، چوار هەزار تۆن بنەتۆی گەنم بە جووتیاران دراوە، هەر تۆنێک یەک ملیۆن دیناری عێراقی لەسەر وەزارەتە، بەڵام بۆ هەر تۆنێک بە 600هەزار دینار دراوەتە جووتیاران.

بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان، گوتیشی: پێدانی بنەتۆ بە جووتیاران، بەگوێرەی ساڵەکان گۆڕانکاری بەسەر دێت، لە چەند ساڵی ڕابردوو بەمشێوەیە بوو:

- 2019، دوو هەزار و 170 تۆن بنەتۆ بە هەزار و82 جووتیار دراوە.

- 2020، هەزار و 678 تۆن بنەتۆ بە هەزار و 205 جووتیار دراوە.

- 2021، پێنج هەزار و 393 تۆن بنەتۆ بە سێ هەزار و 930 جووتیار دراوە.

- 2022، شەش هەزار و 520 تۆن بنەتۆی بە چوار و 188 جووتیار دراوە.

- 2023، 682تۆن و نیو بنەتۆ بە 457 جووتیار دراوە.

دوێنی، پێنجشەممە، 23 کانوونی دووەمی 2025، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەهۆی کەمی بارانبارین، ڕێژەیی وەرگرتنی گەنم کەمتر دەبێت بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.ئەمەش لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 40 هەزار جووتیار هەن.