پوتین: ئامادەین بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا

سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند: بەرزبوونەوە یان دابەزینی نرخی بەرچاوی وزە زیان بە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئەمەریکا دەگەیەنێت. جەختی لەوە کردەوە، ئامادەن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا.

هەینی 24ـی کانوونی دووەمی 2025، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا، ئاماژەی بەوە دا، تەوەری هاوبەش بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا هەیە، لەوانە سەقامگیری ستراتیجی و نەوت.

هاوکات گوتی: ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمەریکا لەبارەی ئۆکرانیا، هەروەها گومانم هەیە لەوەی ترەمپ بڕیار بدات بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا.

جەختی لەوەش کردەوە، زەحمەتە قسەی جیددی لەسەر هیچ شتێک بکرێت، کاتێک ئۆکرانیا ڕەتی دەکاتەوە بەشداریی دانوستانەکانی پرۆسەی ئاشتی بکات.

گوتیشی: ڕووسیا هەرگیز ڕەتی نەکردووەتەوە پەیوەندی بە ئیدارەی نوێی ئەمەریکاوە بکات. باسی لەوەش کرد، بەرزبوونەوە یان دابەزینی بەرچاوی نرخی وزە زیان بە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئەمەریکا دەگەیەنێت.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، "کارێکی باشە لەگەڵ ترەمپ کۆببمەوە، هەروەها ئامادەشم لەگەڵیدا کار بکەم".

ئەوەشی ئاشکرا کرد، شەڕی ئۆکرانیا ڕووی نەدەدا ئەگەر ترەمپ سەرۆک بووایە.