بەریتانیا وەبەرهێنان لە نەوتی کەرکووک دەکات

کۆمپانیای بریتش پترلیۆمی بەریتانیا گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵ کردووە، بڕیارە نەوتی 5 کێلگەی کەرکووکیان ڕادەست بکرێت و ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتیش بەرزبکەنەوە.
شارەزایەکی بواری نەوت دەڵێت: بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر حیسابی یەدەگیی نەوتییە و زیان بە کێلگەکان دەگەیەنێت.
گرێبەستی بریتش پترلیۆم لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق 14ـی کانوونی دووەمی 2025، لە لەندەن ئیمزا کرا و بڕیارە بیرە نەوتەکانی کەرکووکیان ڕادەست بکرێت، بەبۆچوونی شارەزایان گرێبەستەکەی کۆمپانیای بریتش پترلیۆم، زیان بە کێلگە نەوتییەکان دەگەیەنێت، بەجۆرێک یەدەگی نەوتی شارەکە بە تەواوی کەم دەکات.
سیروان موستەفا، شارەزای بوار نەوت بە کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانیان، لەنێو گرێبەستەکە مەرجێکیان هەیە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێمەش لەمەودوا شەریک دەبین، ئەوەش بە مانای ئەوەیە کە تەنها بە بڕینەوەی بڕێک پارە ڕازی نابن، شەریکە بەشە لە بەرهەمهێنانی نەوتەکە، بەشێوەیەک ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل بەرهەم دێنێت، بەشێکی ئەو پارەیە بۆ ئەوانە.
سووپای عێراق خاڵی زیاتر کردووە و هێزی زیاتری بردووەتە سەرگەڕان تاکوو کرێکارانی کۆمپانیا نەوتییە بەریتانییەکە بپارێزن، بڕیارە لە سەرگەڕان دەست بە کاری گەڕان و فرانکردنی بیرە نەوتییەکان بکەن.
جەدەت جیهاد، شارەزای سەربازیی دەڵێت: مەترسی داعش هێشتا بەردەوامە، پێشتر چەند جارێک کۆمپانیا بیانییەکان گرێبەستییان کردووە، بەڵام کاتێک گەیشتوونەتە کارکردن، وازیان لە کارەکە هێناوە.
لە کەرکووک ڕۆژانە 250 هەزار بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت، ئێستا کۆمپانیای بریتش پترلیۆم دەیەوێت ڕێژەی بەرهەمهێنان بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی کردووە، بەرز بکاتەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، زۆریك لە بەرپرسانی شاری کەرکووک ئاگەداری ناوەڕۆکی گرێبەستەکە نین، هەر هێندە دەپرسن، دەبێت ئەو گرێبەستە سوودی بۆ خەڵکی کەرکووک هەبێت؟