سیستەمی بانکیی عێراق دووچاری کێشەیەکی نوێ دەبێتەوە

پێگەی بلومبێرگی ئەمەریکی، ڕایگەیاند: بازرگان و سەرمایەدارەکانی عێراق ترسیان هەیە ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر سیستمی بانکیی وڵاتەکەدا بسەپێنێت.

بەشێک لە هاووڵاتییان و بازرگانانی عێراق بەهۆی ئەو مەترسییەی لەسەر سیستەمی بانکیی عێراق هەیە، پارەکانیان ڕادەکێشنەوە، بەو هۆیەوە هۆشداریی دەدرێت لە سەرهەڵدانی قەیرانی قوڵی پارەی نەختینە و ئەگەری مایەپووچبوونی بەشێک لە بانکەکانیش بە دوور نازانرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە بانکی ناوەندیی عێراق پرۆسەکانی حەواڵەی دۆلاری ڕادەستی بانکە تایبەتەکان کردووە، بە شێوەیەک کە نزیکەی 10 بانک ئەو پرۆسەیە ئەنجام دەدەن و لە ڕێگەی بانکە نێوەندگیرەکانەوە ئەو پارەیە حەواڵە دەکەن کە بازرگانەکان داوایان کردووە.

پێگەی بلومبێرگی ئەمەریکی ئەوەی ئاشکرا کردووە، بازرگان و سەرمایەدارەکانی عێراق ترسیان هەیە ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر سیستمی بانکیی وڵاتەکە بسەپێنێت، بە تایبەتی کاتێک کە ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمەریکا دەست بەکار بووە و دەستی بە پێداچوونەوە بۆ سیاسەتەکانی کۆشکی سپی کردووە.

سیستەمی بانکیی عێراق کێشەیەکی دیکەشی بۆ دروستبووە، بازرگان و سەرمایەداران ئەوانەی ئیشیان بە حەواڵەی دۆلار هەیە، پارەکانیان لەو بانکانە دەکشێننەوە کە لەناو سیستمی حەواڵەی دۆلاردا نین، بە شێوەیەک کە عادل نووری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی کەنداوی بازرگانیی، ڕایگەیاندووە؛ تەنیا لە کۆتایی 2024ـدا زیانی کێشانەوەی پارە لە بانکەکە گەیشتووەتە 210 ملیار دینار کە ئەوە بەهۆی ئەوەیە بانکەکە بەشداریی لە حەواڵەی دەرەکیی ناکات. 

 
 
Fly Erbil Advertisment