سامان سیوەیلی: حکوومەتی هەرێم بایەخێکی زۆری بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان داوە

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، بایەخێکی زۆری بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان داوە.
دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، بایەخێکی زۆری بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان داوە.
گوتیشی: یەکەم شت کە دەستمان پێ کرد، خزمەتگوزاریی "ئی- پەوەرەدە" بوو، کە بەئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم داتاکانی پەروەردە بوو، لەوانە داتاکانی قوتابخانەکان، مامۆستایان، قوتابیان، فەرمانبەران، کەلوپەلی ناو قوتابخانەکان، هەمووی لە چوارچێوەی سیستەمی ئی- پەروەردە تۆمار کرا، ئەوەش ئاسانکارییەکی زۆری بۆ ئێمە کرد.
سیوەیلی ئاماژەی بەوەش کرد "ئێستا گواستنەوەی مامۆستا یان قوتابی لە قوتابخانەیەک بۆ قوتابخانەیەکی دیکە، بووەتە ئەلیکترۆنی، جگە لەوە پۆستەش بووە بە ئەلیکترۆنی؛ کە پێشتر پۆستەکان بە کاغەز بوون."
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی باسی لەوەش کرد "لەسەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەپلیکەیشنی "ئی-وانە"مان داهێنا، کە هەرچی وانە هەیە لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تاوەکوو 12ـی ئامادەیی، هەموو وانەکانمان تۆمار کرد و قوتابییان دەتوانن سوودی لێ وەرگرن.
دەشڵێت: "ئی-باڵەخانە"مان داهێنا کە هەموو باڵەخانەکانی وەزارەتی پەروەردەی تێدا تۆمار کراوە، هەروەها "ئی-ڕاهێنان" کە ئەپلیکەیشنێکە تایبەتە بە ڕاهێنانی مامۆستایان، هەروەها "ئی-کتێبخانە" کۆمەڵێک سەرچاوەی بەسوودی پەروەردەیی تێدایە، کە خیزانەکانی قوتابیان و قوتابیان دەتوانن سوودی لێ بینین.
ڕاشیگەیاند، دواهەمینیان "ئی-هەڵسەنگاندن"مان دانا، بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە، لەسەر حەوت ئاست هەڵسەنگاندنی قوتابیانی تێدا دەکرێت.