وەزیری پێشمەرگە: ئامانجمان بنیاتنانی سووپایەکی نیشتمانی کوردستانییە

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، لەگەڵ یـان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دووپات لەوە دەکاتەوە، ئامانجیانە سووپایەکی نیشتمانی کوردستانی بنیاتبنێن، کونسوڵی گشتیی فەرەنساش ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئەمساڵ وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی زۆرباش بەدەستبهێنێت لە پرۆسەی چاکسازیدا، گوتیشی:ئێمە لە پرۆسەی چاکسازیی هاوکارتان دەبین.
دووشەممە 27ـی کانوومی دووەمی 2025، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە یـان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ ئامادەبووان باسیان لە ڕەوشی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، لەگەڵ پرسی چاکسازی و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتی سەربازی، هەروەها دامەزراندنی 6 فیرقـەی پیادە لە ئێستادا، سەرباری هەوڵدان بۆ بنیانتانی فیرقەی زیاتر لە ژێر سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: ئامانجی وەزارەتی پێشمەرگە بنیاتنانی سووپایەکی نیشتمانی کوردستانییە، کە لەم پێناوەشدا هەموو هەوڵەکانمان چڕکردۆتەوە و بەردەوام و پێداگرین لەسەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
کونسوڵی گشتیی فەرەنسا، پەیامی پاڵپشتی و پشتیوانی گەل و حکوومەتی فەرەنسای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوەو گوتی: چاوەڕێین ئەمساڵ وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی زۆرباش بەدەستبهێنێت لە پرۆسەی چاکسازیدا، لەم پێناوەشدا ئێمە هاوکار و پشتیوانتان دەبین.