چاوپێکەوتنی کوردستان24 لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا

ئەلبرێخت ڤۆن ویتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24 باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر – بەرلین دەکات و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیی بەهێز لە ساڵی 2025 دەکاتەوە.

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

کوردستان24: چۆن دەڕواننە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئێستای ئەڵمانیا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئاواتەکانتان بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە لە ساڵی 2025دا چین؟

کونسوڵی ئەڵمانیا: هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا پەیوەندییەکی زۆر دۆستانە کۆیان دەکاتەوە و لە هاوکاریی ڕۆژانەمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم سوودی لێدەبینین، جا هاوکاریمان بێت لەسەر پڕۆژەی تایبەت یان گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی درێژخایەنی پەیوەندییەکانمان، ئێمە زۆر لە نزیکەوە و بە گیانی متمانە پێکەوە کاردەکەین. هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکییە بۆ ئێمە لە ناوچەکە و ئامانجمانە بەردەوام بین لە هاوکارییە باشەکانمان و فراوانکردنی. سەرەتای مانگی کانوونی دووەم، بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری، سەردانی هەولێری کرد و لە 24/25ی 1ی 2025، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا د. تۆبیاس لیندنەر لێرە بوو، دڵنیام پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان لە ساڵی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن.

هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە گرنگە بۆ دابینکردنی سەقامگیری کوردستان و ناوچەکە

کوردستان24: هەڵوێستی ئەڵمانیا جۆن وەسف دەکەیت دەربارەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پیشمەرگە؟

کونسوڵی ئەڵمانیا: ئێمە زۆر لە نزیکەوە بەدواداچوونمان بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کرد و باش بوو کە بینیمان بە شێوەیەکی سەلامەت و پیشەیی بەڕێوەچوو، ئەو ڕێژەیە زۆرەی بەشداریکردن ئاماژەیە بۆ ئیرادەی گەلی کورد بۆ دیاریکردنی داهاتووی سیاسی خۆی، ئێمە تێدەگەین کە لەم دواییانەدا پێشکەوتن لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتدا هەبووە، هیوادارین بەم زووانە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت، یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە بۆ بنیاتنانی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و یەکگرتوو زۆر گرنگە، ئێمە هاوبەشین لە هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم، یەکخستنی هێزی پێشمەرگە هێشتا بەدی نەهاتووە، ئەڵمانیا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بەشدارییەکی بەرچاوی کردووە لە پرۆسەی یەکگرتن لە ڕێگەی بنیاتنانی توانا و خولی ڕاهێنانەوە، هەروەها کەلوپەلمان دابین کردووە و پاڵپشتیمان لە دروستکردنی کلینیکی پێشمەرگەدا کردووە، پاڵپشتیمان بەردەوام دەبێت چونکە هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە گرنگە بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئارامی لە  هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

سەرنج دەخەینە سەر ئەو بوارانەی یەکلاکەرەوەن بۆ گەشەسەندن

کوردستان24: ئایە دەتوانن تیشک بخەنە سەر هەندێک وەبەرهێنان یان پڕۆژەی بەرچاوی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ؟

کونسوڵی ئەڵمانیا: لە هاوکاریمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرنج دەخەینە سەر ئەو بوارانەی کە یەکلاکەرەوەن بۆ گەشەسەندن و سەقامگیری درێژخایەن وەک گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەمەچەشنکردنی ئابووری، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، یان هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی مافەکانی مرۆڤ، لە ساڵی 2014ەوە ئەڵمانیا زیاتر لە 3.4 ملیار یۆرۆی وەک هاوکاری دوولایەنە و فرەلایەنە تەرخانکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی مامناوەندی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. 

ڕۆڵی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا دابینکردنی سەکۆیەکە بۆ بازرگانییەکانی کوردستان و ئەڵمانیا

کوردستان24: پلانی داهاتووتان چییە بۆ زیادکردنی وەبەرهێنانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان؟ 

کونسوڵی ئەڵمانیا: ڕۆڵی ئێمە وەک کونسوڵخانەی گشتی بریتییە لە دابینکردنی سەکۆیەک بۆ بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا بۆ پەیوەندیکردن و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنانەکان، ڕێگای جۆراوجۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆڵە ببینین، ئێمە پشتگیری لە بوونی بازرگانی ئەڵمانی دەکەین لە پێشانگە بازرگانییەکان لێرە لە  هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە لە بواری کشتوکاڵدا، هەروەها ئاسانکاری دەکەین بۆ سەردانی شاندە بازرگانییە کوردییەکان بۆ ئەڵمانیا، ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەڵمانیا گفتوگۆ دەکەین کە چۆن زیاتر ئاسانکاری لەم جۆرە سەردانانە بکرێت.

کوردستان24: تکایە دەتوانن وردەکارییەکانی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەڵمانیا و عێراق بۆ ساڵی 2024 بخەنەڕوو؟ بە تایبەتی لەسەدا چەندی ئەم بازرگانییە هەرێمی کوردستانی گرتەوە؟

کونسوڵی ئەڵمانیا: لە ساڵی 2023 هەناردەی ئەڵمانیا بۆ عێراق 1.19 ملیار یۆرۆ بووە، هاوردەی ئەڵمانیاش لە عێراقەوە 1.57 ملیار یۆرۆ بووە، بەداخەوە ژمارەمان نییە بۆ ساڵی 2024 یان بە تایبەتی بۆ  هەرێمی کوردستان. 

کوردستان24: چ ستراتیژێک بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان لە ئارادایە؟

کونسوڵی ئەڵمانیا: ئەگەری زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا هەیە، کاتێک لەگەڵ نوێنەرانی بازرگانی ئەڵمانیا کۆدەبمەوە، پێم دەڵێن کە ئەوان دەیانەوێت لێرە وەبەرهێنان بکەن لە هەرێمی کوردستان، بەڵام باسی ئەو ئالنگاریانەشم بۆ دەکەن کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی یان مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکان بۆ نموونە، لەسەر ئاستی نیشتمانی، ئەڵمانیا وەک دۆست و هاوبەشێکی عێراق بەشێکە لە گرووپی پەیوەندی ئابووری عێراق (IECG)، کە پابەندە بە پاڵپشتیکردنی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە جێبەجێکردنی کارنامەیەکی گشتگیر و گەورە بە مەبەستی چاکسازی ئابووری، لە کاتێکدا کارێکی زۆر ماوە کە ئەنجام بدرێت، ئێمە پێشوازی لە کارەکان دەکەین لەسەر چاکسازی بانکی حکوومی، مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی، هەروەها لەسەر باشترکردنی حوکمڕانی لە دەوری بانکی بازرگانی و پارەدانی ئەلیکترۆنی، بۆ نموونە.