ئەو هاووڵاتییانەی لە لیژنەی پزیشکی دەرنەچوون ناتوانن بچنە حەج

گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: تاوەکو ئێستا 10 هاووڵاتی ئەوانەی ناویان گەڕاوەتەوە بۆ فەریزەی حەج، لە لیژنەی پزیشکی دەرنەچوون و ناتوانن فەریزەی حەج بەجێ بگەیەنن .
سێشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پرۆسەی پشکنینی پزیشکی چەند ڕۆژێکە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە بۆ ئەو هاوڵاتییانەی ناویان گەڕاوەتەوە و بەنیازن فەریزەی حەج بەجێ بگەینن.
کاروان ستوونی، گوتیشی: دوای پشکنینی پزیشکی، 10 هاوڵاتی بەهۆی نەخۆشی و گەورەیی تەمەنییان ناتوانن بچنە حەج، بەڵام ئەندامێکی خێزانەکانیان دەتوانێت لە شوێنی ئەوان بڕوات.
گوتەبێژی حەج و عومرە، باسی لەوەش کرد "دوای تەواوبوونی پشکنین بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەچنە حەج، پرۆسەی دانانی چێشلێنەرەکان و دیاریکردنی کۆمپانیاکان دەست پێ دەکات."
ئەمساڵ، پێنج هەزار و 120کەس لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیە دەکەن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.