ئەحمەد موفتی: پلانمان هەیە بەرهەمێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر زیاد بکەین
بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ڕایگەیاند: لە پلانماندایە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆ زیاد بکەین تاوەکوو بتوانین کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین.
سێشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: ڕۆژانە نزیکەی 530 پێ سێجا غاز لە کێڵگەی بەرهەم دەهێنین، ئەویش تەنیا بۆ کارەبایە، پلانمان هەیە بەرهەمێنانی غاز زیاد بکەین تاوەکو بتوانین کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین.
گوتیشی: لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی کرایە سەر وێستگەی کۆرمۆر پرۆژەکە دواکەوت، بەڵام لە ماوەیەکی نزیکدا پرۆژەکە کۆتایی دێت و دەتوانین کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان دابین بکەین.
سێشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2025، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کۆتایی ساڵی 2026 لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێری و سەرجەم دانیشتووان لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەند دەبن.