پارێزگاری سنە: جێبه‌جێكردنی یاسای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سنوورەکان باری ژیانی خەڵک باش ده‌كات

ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

پارێزگاری سنە ئاماژه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سنوورەکان ده‌كات؛ ده‌شڵێت، هەر کاڵایەک لە سنوورەکانەوە بۆ ناو ئێران هاوردە بکرێت هیچ باجی گومرکی لەسەر نابێت.

شه‌ممه‌، 1ـی شوباتی 2025، ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگه‌یاند،  یاسای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی سنوورەکان کە چەند ڕۆژێکە خراوەتە واری جێبەجێکردنەوە، باری ژیانی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان دەگۆڕێت.

لهۆنی بە میدیای ئێرانی گوتووە، یاساكه‌ پرۆسەی هاوردەکردنی کاڵا ڕێک دەخات و هەلی یاسایی بۆ کاری کۆڵبەران دەڕەخسێنێت.

پارێزگاری سنە هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، لە ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی یاساکەدا هەر کاڵایەک لە سنوورەکانەوە بۆ ناو ئێران هاوردە بکرێت، هیچ باجی گومرکی لەسەر نابێت و ڕێگە بۆ هاتنی گەشتیاری زیاتر بۆ پارێزگاکەش خۆش دەکات.