ئانۆ جەوهەر: لە ئەمەریکا جەختمان لە پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی بەهاکانی دیموکراسی کردەوە

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سیاسەتمەداران و ئەکادیمیستانی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە پشتیوانییەکانی نێودەوڵەتی بەردەوام بن بۆ پاراستنی بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ومافی پێکهاتەکانی ئاینی ونەتەوەیی.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، لەگەڵ  جەنگ ساگنیک و سینان ئیرایدین و ئەندامی کۆنگرێس تۆماس مەیسی و ئەندامی پێشووی کۆنگرێس، سیاسەتمەدار و ئەکادیمیکی ناسراوی ئەمریکی دەیڤ پرات، ڕاگری کۆلێژی ئابووری لە زانکۆی لیبرتی، کۆبووەوە.

وەک ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: لەو کۆبوونەوانەدا باسمان لە داهاتووی نادیاری پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی ناوچەکە کرد لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتە نادیارەی دوای گۆڕینی ڕژێمی سووریا و یاساکانی ئەم دواییەی لە عێراق هاتنە پێش.

ئانۆ جەوهەر دەڵێت: دووپاتمان لەوە کردەوە، کوردستان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ ئازادییەکان بۆ هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە و گەشبینیش لەوەدایە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا  زیاتر کاردەکات بۆ پاڵپشتیکردنی هەموو ئەو قەوارانەی پاڵپشتی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ئایینی و نەتەوەیی دەکەن لە ناوچەکەدا، دیارترینیان هەرێمی کوردستانە.

لە لایەکی دیکەوە، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا و جەنگ ساگنیک، لەگەڵ ئەنجوومەنی ئەتڵەسی کۆبووەوە، ئەنجوومەنەکە بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە سەربەخۆکانی توێژینەوە دادەنرێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت: لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە کرا، هاوکات جەخت لە پابەندبوونی بەهێزی هەرێمی کوردستان بە ئازادی ئایینی و پاراستنی بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ومافی پێکهاتەکانی ئاینی ونەتەوەیی کرایەوە، دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەماندا دووپاتمان لە پێویستی بەردەوامی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ بەهێزکردنی ئەم پاراستنە و پێشخستنی سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.