ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر: لە بازگەکانی عێراق گرفت بۆ پیشەسازکارانی هەرێم دروست دەکرێت

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ڕایگەیاند: لە بازگەکانی عێراق گرفت بۆ پیشەسازکارانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت و ڕێگە نادرێت بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی عێراق دا ساغ بکەنەوە.
یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، کامەران ساڵح باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی گوت: پیشەسازکارانی هەرێمی کوردستان ناتوانن سوود لەو ئاسانکارییە وەربگرن کە لە عێراقدا هەیە، وەک قەرزی پیشەسازی یان سوود وەرگرتن لە گۆڕینەوەی دۆلار بە نرخی فەرمی.
کامەران ساڵح، گوتیشی: ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەندامن لە یەکێتی ژوورەکانی بازرگانیی عێراق، بەڵام ئەندام نین لە یەکێتی پیشەسازانی عێراق، چونکە لە عێراق هەردووکیان جیاوازن.
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، باسی لەوەشکرد: تاوەکو ئێستا پیشەسازکارانی هەرێمی کوردستان ناتوانن وەک پێویست، بەرهەمەکانیان بگەینە بازاڕەکانی عێراق و چەندین گرفتیان لە بازگەکانەوە بۆ دروست دەکرێت، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ عادل عگاب، سەرۆکی یەکێتی پیشەسازانی عێراق، بەڵێنی دا هاوکار بێت لە چارەکردنی ئەو گرفتانە و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی عیراق دا.