نەبەز عەبدولحەمید: ژمارەی بەنزینخانە حکوومییەکان لە هەولێر زیاد کران

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاشکرای دەکات، ژمارەی بەنزینخانەکانی بەنزینی حکوومی بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکەن، لە سنووری هەولێر لە 10 بەنزیخانەوە بۆ 22 بەنزیخانە زیاد کراون، بەمەش قەرەباڵغی لەسەر بەنزینخانەکان کەمتر دەبێتەوە.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەنزینی نرخی پاڵپشتیکراو بەرهەمی هەردوو پاڵاوگەی لاناز و کارە، بەهۆکاری تەکنیکی بەرهەمەکە پێشتر لە سنووری پارێزگاری هەولێر کەمی کردبوو، بۆیە ڕۆژانە کەمتر لە 10 بەنزینخانە بە نرخی پاڵپشتیکار و بۆ هەر لیترێک بە 750 دینار بەنزینیان دابەش دەکرد، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ڕێژەی بەنزینەکە زیادیکردووە و بووەتە 800 هەزار لیتری ڕۆژانە، ئەو بڕە بەنزینەش لە 22 بەنزینخانە دابەش دەکرێت.
قایمقامی هەولێر دەشڵێت: لێژنەکانی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر و قایمقامیەت، بەردەوام بەدواداچوون بۆ کوالێتی بەنزین دەکەن، ئەمە وای کردووە کوالێتی بەنزین بەرز بکرێتەوە بە ڕێگریکردن لە گۆڕینی کوالێتیەکەی، دەڵێت: سەرباری ئەوەش، ڕێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین کراوە و نامانەوێت بەنزینی خراپ بە نرخی هەرزان هەبێت، دەڵێت: هەر بەنزینخانەیەک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، ڕێکاریی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
قایمقامی ناوەندی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی فیدراڵ هاوکاری هەرێمی کوردستان ناکات لە دابینکردنی بەنزینی پێویست، دەڵێت: هەوڵ دەدەین ڕێژەی بەنزینی هەرێمی کوردستان لە سنووری هەولێر لە 800 هەزار لیتری ڕۆژانە بەرز بکەینەوە بە کوالێتییەکی بەرزتر.