قەیرانی پەتاتە بازاڕەکانی ئێران دەتەنێت

لە بازاڕەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەیرانی کەمبوونەوەی بەرهەمی پەتاتە سەریهەڵداوە و لە هەفتەیەکدا نرخی یەک کیلۆی پەتاتە %58 بەرز بووەتەوە، خەڵکیش بە تایبەت لە تاران، بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی پەتاتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایی دەردەبڕن و کوردستان24 بەدواداچوونێکی تایبەتی بۆ کردووە.
جوبرائیل براردەری، سەرۆکی کۆمەڵەی جووتیارانی پارێزگای تاران لە بارەی قەیرانی پەتاتە و بەرزبوونەوەی نرخی ئەم بەرهەمە بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەی لە بەرهەمهێنانی پەتاتەدا لە ئاستی خۆبژێویدایە، بەڵام ئەوەی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەم بەرهەمە، هەناردەکردنە دەرەوەی وڵات و درەنگ داچاندنی پەتاتە بووە لە وەرزی خۆیدا.
هەروەها ئاماژەی داوە، بە گوێرەی ئامارەکان، لە نۆ مانگی ڕابردوودا زیاتر 370 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی دەرەوەی ئێران کراوە.
بە گوتەی جوبرائیل براردەری نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە لە ساردخانەکانی پارێزگاکانی هەمەدان، سنە، زنجان، کرماشان و تاران هەڵگیراون و بە گوێرەی پلان، قۆناغ بە قۆناغ دابەشی سەر بازاڕەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی نرخی پەتاتە کۆنترۆڵ و جێگیر بکرێت.
بە گوێرەی بە دواداچوونێکی کوردستان24، نرخی سەوزە و میوە لە بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران جێگیر نییە و ڕۆژانە دهگۆڕێت، بەڵام پەتاتە جیاواز لە بەرهەمەکانی دیکە بەرزبوونەوەیەکی پێشبینی نەکراو لە نرخەکەی ڕووی داوە، بە جۆرێک لە هەفتەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک کیلۆ پەتاتە بە 10 هەزار تومەن بووە، کەچی ئەمڕۆ گەیشتووەتە 50 هەزار، واتە بە ڕێژەی %50 نرخی یەک کیلۆ پەتاتە بەرزبووەتەوە.
هەر لە هەمان ماوەدا ئەم بەرهەمە لە بازاڕەکانی تاران نرخەکەی لە نێوان 35 بۆ 45 تومەن بووە، بەڵام ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە 60 هەزار تومەن، واتە جیاوازی نێوان نرخ لەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو %58 تۆمار کراوە.