حەیان عەبدولغەنی: نەوتی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە هەناردە دەکرێت

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵ ڕایدەگەیەنێت: نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆ هەناردە دەکرێت و حکوومەتی فیدراڵ ئێستا ئامادەیە نەوتەکە وەربگرێت.
دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵ ڕایگەیاند: لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیان بەڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆوە کردووە، دەشڵێت: هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا کراوە بۆ ئامادەکردنی بۆڕی نەوتی نێوان تورکیا و عێراق و گەیاندنی نەوتەکە بە بەندەری جەیهان.
وەزیری نەوتی حکوومەتی فیدراڵ ئاشکرای کردووە، ڕۆژانە ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە وەردەگیرێت، کەمتر نابێت لە 300 هەزار بەرمیل.
یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی 12ـی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دا.