باشترینەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق خەڵات كران

هەولێر و دهۆك لە بردنەوەی خەڵاتەكانی كوردستان24 پشكی شێریان بەركەوتووە

یوسف بن سۆدە یاریزانی یانەی هەولێر و سیابەند عەگید یاریزانی یانەی دهۆك
یوسف بن سۆدە یاریزانی یانەی هەولێر و سیابەند عەگید یاریزانی یانەی دهۆك


یانەكانی هەولێر و دهۆك وەكو هەمیشە پشكی شێریان لە بردنەوەی خەڵاتە ناوازەكەی كوردستان24 بەركەوت، یوسف بن سۆدە و سیابەند عەگید هەریەكەیان خەڵاتی ئەستێرەی هەفتەیان وەكو باشترین یاریزان لە دوو گەڕی رابردووی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەدەستهێنا.
كوردستان24 هەفتانە باشترین یاریزانی یانە كوردستانییەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق دەستنیشان دەكات، خەڵاتەكە هەموو ئەو یاریزانە كوردانەش دەگرێتەوە كە لە یانەكانی خوار و ناوەراستی عێراق یاریی دەكەن.

 

قەناسە توونسییەكە خەڵاتەكەی بەدەستهێنا

یوسف بن سۆدە خەڵاتی ئەستێرەی هەفتەی كوردستان24ـی وەكو باشترین یاریزانی گەڕی شازدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەدەستهێنا، بەمەش بن سۆدە لە دوای شێركۆ كەریم، گەیلان لوقمان و سەفین مەنسور بووە چوارەمین یاریزانی یانەی هەولێر بۆ ئەم وەرزە خەڵاتی ئەستێرەی هەفتەی كوردستان24 دەباتەوە.
هێرشبەر تونسییەكەی یانەی هەولێر بەرامبەر كەربەلا دوو ئاسیست و گۆڵێكی كرد و سەركردایەتی سەركەوتنی یانەكەی كرد، لەو گەڕەدا لەنێو یانە كوردستانییەكان تەنیا یانەی هەولێر براوە بوو، یانەكانی دهۆك، زاخۆ و نەورۆزیش هەموویان یەكسانبوون.

 


عەگیدەكەی دهۆك خەڵاتەكەی مسۆگەر كرد
سیابەند عەگید خەڵاتی ئەستێرەی هەفتەی كوردستان24ـی وەكو باشترین یاریزانی گەڕی حەڤدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەدەستهێنا، عەگیدەكەی دهۆك لە یاریی رابردوو بەرامبەر گەرمە گۆڵێك و ئاسیستێكی كرد و خەڵاتەكەی مسۆگەر كرد و عەگیدەكەی دهۆك لە دوای هاڕوون ئەحمەد و پاشەنگ عەبدوڵڵا بووە سێیەمین یاریزانی یانەی دهۆك لەم وەرزە خەڵاتە ناوازەكەی كوردستان24 بەدەستبهێنێت.
سیابەند عەگید خەڵاتەكەی كوردستان24ـی لە شاری دەوحەی قەتەر وەكو سوپرایزێك پێگەیشت بەر لە یارییەكەی ئەمڕۆیان لە جامی كەنداوی عەرەبی بەرامبەر ئەهلی سەنعای یەمەنی.