ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت بچنە باڵەکایەتی خەمی ڕێگا و شۆفێریان نەبێت

بۆ هاندانی گەشتیاران، قایمقامییەتی چۆمان، نیازی وایە، بایەخی زیاتر بە سەلامەتیی گەشتیاران بدات و چەندین ڕێککاری نوێ دەگرێتەبەر.
سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، ئەحمەد بارزان، قایمقامی چۆمان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بۆ سەلامەتیی ئەو گەشتیارانەی دێنە دەڤەرەکە، چەندین ڕێککارمان گرتۆتەبەر؛ سەرجەم ئەو شوفێرانەی گەشتیاران دەگوازنەوە بۆ ناوچە گەشتیارییەکان، چەندین مەرجیان لەلایەن قایمقامییەتی چۆمانەوە بۆ دانراوە، ئەم مەرجانە، هۆیەکن بۆ هاتنی ژمارەیەکی زیاتری گەشتیار بۆ سنوورەکە.
ئەحمەد بارزان، گوتیشی: 35شۆفێری دانیشتووی دەڤەرەکە، گەشتیاران بە نرخێکی زۆر گونجاو دەگوازنەوە و ڕێبەرییان دەکەن بەتایبەتی لە وەرزی زستان و سەرمادا، چونکە ڕێگاکانی دەڤەرەکە بە بەفر و بەستەڵەک داپۆشراون.
ساڵانی ڕابردوو، بەشێک لە گەشتیاران بە ئۆتومبیلی خۆیان دەهاتن لە ئەنجامی ناشارەزاییان، چەند حاڵەتێکی وەرگەڕانی ئۆتومبێل ڕوویان دا و قوربانییان لێ کەوتەوە.