لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 700 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگایەکی باکووری کوردستانیان کردووە

لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 700 هەزار گەشتیار سەردانی وانی کردووە.
چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، فەوزی چەلیکتاش، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان ڕایگەیاندووە، لە ساڵی 2024ـدا، 719 هەزار گەشتیار ئێرانی سەردانی وان ـیان کردووە.
بەگوێرەی قسەکانی چەلیکتاش، لە ئەنجامی ئەو سەردانانەدا تەنیا داهاتی هاتوچۆیان 350 ملیۆن دۆلار بووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی وان دەشڵێت: لە ساڵی 2023 ژمارەی گەشتیارانی ئێرانی 595 هەزار بووە، لە ساڵی 2024 زیادی کردووە و چاوەڕێم ئەمساڵ زیاتریش بێت.
باسی لەوەش کردووە، داهاتیی گەشتیاریی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی بەسەر ئابووری شارەکەیانەوە هەیە و تەواوی کەرتەکان سوودمەندی بوونە.
لە بارەی پێشبینییەکانیان بۆ ساڵی 2025، ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە، ڕێگەی ئاسنین لە نێوان تاران - وان لە 20ـی ئەم مانگە دەکرێتەوە، بۆیە پێشبینی دەکەن ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێک گەشتیاری ئێرانی سەردانی ئەو پارێزگایە بکەن.