لاساییکردنەوەی هالاند یاساکانی پرێمەرلیگ دەگۆڕێت

پرێمەرلیگ لەبەر هالاند رێکاری نوێ دەگرێتەبەر

ئاهەنگگێڕانی ئێرلینگ هالاند دوای تۆمارکردنی گۆڵ
ئاهەنگگێڕانی ئێرلینگ هالاند دوای تۆمارکردنی گۆڵ

بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلاند بەدوای رێکارێکدا دەگەڕێن بۆئەوەی چاودێری تووند بخەنە سەر ئاهەنگگێڕانی یاریزانان دوا تۆمارکردنی هەر گۆڵێك لە پرێمەرلیگ.

ئاهەنگگێڕانی دوای گۆڵ بەشێکی سەرەکی تۆپی پێیە و یەکێكە لە هۆکارەکانی بەچێژکردنی یارییەکان، کە پەیوەندی بە بیرکردنەوەی راستەوخۆی یاریزانەکە هەیە بەشێوەیەکی نایاب.

لەگەڵ ئەوەشدا هەندێكجار ئاهەنگگێڕانەکان تووشی رەخنە دەبنەوە، بەتایبەت ئەو شێوازانەی یاریزانان، کە یانەی بەرامبەر هەراسان دەکەن.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلاند بە وردیی چاودێری ئاهەنگگێڕانی یاریزانان دەکات، بۆئەوەی بزانن ئەو شێوازە زیان بە ناوبانگی یارییەکە دەگەیەنێت یان هەستی هاندەران و یاریزانانی بەرامبەر بریندار دەکات یان نا.

لە یارییەکی پرێمەرلیگ جیمی ڤاردی یاریزانی لیستەرسیتی بەرامبەر تۆتێنهام بە ئاماژەکردن بۆسەر قۆڵی درێسەکەی بە یانەی بەرامبەری گوت: ئێمە نازناوی پرێمەرلیگمان هەیە و ئێوە نیتانە، پێشتریش ئەو کارەی بەرامبەر کریستاڵ کرد بێ ئەوەی هیچ سزایەك بدرێت.

مايلز لويس-سكێلی ئەستێرەی لاوی ئارسێناڵ بەرامبەر مان سیتی گۆڵێکی تۆمارکرد و لەسەر شێوازی هالاند ئاهەنگی گێڕا، ئەم شێوازە هەر زوو بڵاوبووەوە و بووە ترێندی سۆشیاڵ میدیا.

ئەم رووداوە وای لە بەرپرسانی پرێمەرلیگ کرد، پێداچوونەوە بکەن و یاسای تایبەت بۆ ئاهەنگگێڕانی یاریزانان دابنێن.

بۆ بیرهێنانەوە.. پێشتر لە یاریی مانچێستەر سیتی و ئارسێناڵ، ئێرلینگ هالاند بە مایلزی گوتبوو  تۆ کێی؟ بۆیە لویس-سكێلی بە شێوازی ئاهەنگگێڕانی یاریزانە نەرویجییەکە وەڵامی دایەوە.

لویس-سکێلی دوای تۆمارکردنی گۆڵ لاسایی شێوازی ئاهەنگگێڕانی هالاند دەکاتەوە