کشتوکاڵی مەخموور بۆ بڕینی بیانووی بازگەکان پێناس بۆ مەڕ و ماڵاتی مەڕداران دەر دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی مەخموور، لەڕێگای فۆرمێکەوە زانیاریی لەبارەی مەڕدار و ئاژەڵدارانی سنوورەکە تۆمار دەکات و مانگی ڕابردووش ناسنامە و پاسپۆرتی بۆ ئەسپەکان دروست کرد.
پێنجشەممە، 6ـی شوباتی، 2025، مەروان حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخموور، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: فۆرمێکمان بۆ سەرجەم مەڕدار و ئاژەڵدارانی سنوورەکە ناردووە، بۆ ئەوەی زانیاریی خۆیان و ئاژەڵەکانیانی تێدا بنووسن، چونکە بە پڕکردنەوەی فۆرمەکە، چی تر لە بازگەکاندا ڕێگرییان لێ ناکرێت و دەتوانن بە ئاسانی ئالیک و ئاژەڵەکانیان بگوازنەوە و بەبێ گرفت مامەڵەیان پێوە بکەن.
مەروان حوسێن، گوتیشی: پێویستە فۆرمەکە مۆری موختاری لەسەر بێت و زانیاری دروستی لەبارەی ژمارەی سەر مەڕ و ئاژەڵەکانی تێدا بێت.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی لەنێو ئاژەڵەکانی سنووری مەخموور، مەروان حوسێن، ئاماژەی بەوەکرد "لەگەڵ گۆڕینی وەرزەکاندا، کوتان بۆ هەموو ئاژەڵێک دەکەین و دەرمان بەسەر هەموو گەوڕ و حەسارەکان دەڕشێنین.
لە سنووری مەخموور زیاتر لە پێنج هەزار سەر مەڕ و وڵاخ هەیە."