ئومێد ئەحمەد: 182 هەزار هاوبەشی کارەبا لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەند دەبن
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای نیشتیمانیی 24 کاتژمێری بۆ هەشت گەڕەکی دیكەی شاری هەولێر دابین کرد.
پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان 24 ڕایگەیاند: هەشت گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر خرانە سەر پرۆژەی ڕووناکی.
باسی لەوەش کرد، کۆی گشتی ئەو هاوبەشانەی لە پرۆژی ڕووناکی بەشدارن و کارەبای 24 کاتژمێریان هەیە 182 هاوبەشن.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، دەشڵێت: تیمەکانی وەزارەتی کارەبا، لەنێو بازاڕی شاری سلێمانی، گەڕەکی سابوونکەران و شەقانی گۆران، دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ ئەوەی بیانخەنە سەر پرۆژەی ڕووناکی و کارەبایان ببێتە 24 کاژمێری.
جەختی لەوەش کردەوە، لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەرجەم پارێزگە، شار، شارۆچکە و شارەدێیەکانی هەرێمی کوردستان کارەباکانیان دەکرێنە 24 کاتژمێری.
چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند: لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای نیشتیمانیی 24 کاتژمێری بۆ هەشت گەڕەکی دیكەی شاری هەولێر دابین کرا.
دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: پرۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە گرنگترین پرۆژەکانی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان، کە مەبەستمانە تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەینە 24 کاتژمێری.