ئەمەریکا تۆڕێکی نێودەوڵەتی گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ چین سزا دەدات

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزایی دارایی تۆڕێکی نێودەوڵەتیدا کە کاری گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ چین دەکات، دەڵێت: ئەو تۆڕە نێودەوڵەتییە هاوکاری گەشەپێدانی چالاکییە سەربازییەکانی ئێران دەکات.

پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئەو سزایە تۆڕێکی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە کە کاری گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێران بۆ چین دەکات کە بەهای سەدان ملیۆن دۆلارە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لەسەر هەمان پرس بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: ئەو تۆڕە داهاتی نا یاسایی بۆ سووپای ئێران دابین دەکات، بەوەش هاوکاری گرووپەکانی حەماس و حزبولڵا دەکرێت.

سێشەممەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری سیاسەتی فشار خستنە سەر ئێران بە توندی، بەهۆی هەوڵەکانی ئێران بۆ پێشخستنی پرۆژەی چەکی ئەتۆمی، گوتیشی: هیوا دەخوازم نەبێتە ئەرک لەسەرم ئەو سیاستە بەرامبەر ئێران بگرمە بەر.