ئەوقافی هەولێر: لە مزگەوتەکاندا گرنگی زیاتر بە وەرگێڕی زمانی ئاماژە ده‌ده‌ین

بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەولێر، نیازی وایە لە داهاتوودا، لە مزگەوتەکاندا گرنگی زیاتر بە وەرگێڕی زمانی ئاماژە بدات بۆ نابیستان.

هەینی، 7ـی شوباتی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بۆ زیاتر گرنگیدان بە کەسانی نابیست، کار بۆ ئەوە دەکەین، لە داهاتوودا لە چەند مزگەوتی دیکە وەرگێری تایبەت بە نابیستان دابندرێت، بەڵام بەگوێرەی داواکاری و پێویستییان بێت.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، گوتیشی: لە سەنتەری شاری هەولێر نزیکەی هەزار و200 نابیست هەن و لە ئێستادا هەموو هەینییەک، وەرگێری زمانی ئاماژە تایبەت بۆ نابیستان لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر، پێشکەش دەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەولێر، دوو هەفتە لەمەوبەر وەرگێڕێکی تایبەت بە زمانی ئاماژەی لە مزگەوتێکی ئەو شارە دانا.