قەیرانی تەندروستیی تەنگی بە خەڵکی غەززە هەڵچنیوە

سەرەڕای قەیرانی مرۆیی، قەیرانی تەندروستییش تەنگی بە خەڵکی غەززە هەڵچینیوە، 20 ڕۆژە ئاگربەست ڕاگەیەنراوە، بەڵام هێشتا سیستمی تەندروستیی غەززە لاوازە و لە کۆی 179  نەخۆشخانە و ناوەندیی تەندروستیی تەنیا 73ـیان، بەشێوەیەکی سنووردار کاردەکەن.

ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانیش داوا دەکات، ڕێڕەوی پزیشکی بکرێنەوە تاوەکو نەخۆشەکانی غەززە بە مەبەستی چارەسەر بگوازنەوە. 

ڕیک پیپەرکۆرن، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی نەخۆشخانە و ناوەندەکانی تەندروستیی غەززە زۆر کەمن و خەڵکیش پێویستییان بەچارەسەرە، تاوەکو ئێستا لەکۆی 36 نەخۆشخانە تەنیا 18 نەخۆشخانەیان بەشێوەیەکی سنووردار کاردەکەن، بەجۆرێک تەنیا یەک لەسەر سێی ئەو نەخۆشخانانەش کاردەکەن، هەروەها لە کۆی 143 ناوەندیی تەندروستییش تەنیا 55 دانەیان بەشێوەیەکی سنووردار کاردەکەن. تێکڕای بێدەکانیش تەنیا 1900 بێدن. لەکاتێکدا پێش قەیرانی غەززە زیاتر لە سێ هەزار بێد بوون."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەسەرەتای دەستبەکاربوونی بریاری کشانەوەی لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئیمزا کرد، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش ئێستا پێویستی بە هاوکاریی ئەمەریکایە تاوەکو بەهێزبێت و ڕووبەڕووی نەخۆشییەکان بێتەوە.

ڕیک پیپەرکۆرن، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە غەزز، دەشڵێت: "پێویستمان بە ڕێکخراوێکی تەندروستیی جیهانیی تۆکمە و بەهێز هەیە، کە ڕۆڵی لە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی جیهان هەبێت، بە ئەمەریکاشەوە. تاوەکو ڕەگ و ڕیشەی هۆکاری نەخۆشییەکان دەستنیشان بکات و چارەیان بۆ بدۆزێتەوە، تمێکی بەهێز بنیادبنێت و بەخێرایی وەڵامی پەتاکان بداتەوە."

لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـوە قەیرانی تەندروستیی لە غەززە سەریهەڵداوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست و کرانەوەی دەروازەی رەفەح، هەوڵدەدرێت بەشێک لە نەخۆشەکان بنێردرێنە میسر، بەڵام ئەمە ‌هێشتا بەس نییە و ڕێکخراوی تەندروسیی جیهانی، داوا دەکات ڕێڕەوی پزیشکی کەرتی ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات، بکرێنەوە.