بەفر ڕێگەی 217 گوندی پارێزگای سنەی داخستووە

سەرۆکی بەشی بەڕێوەبردنی ڕێگاکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی بەفر و زریانەوە ڕێگەی 217 گوندی پارێزگاکە داخراون.

دانش زەندی ئەمڕۆ هەینی 7ی شوباتی 2025، بە ئاژانسی فەرمی ئیرنای ڕاگەیاندووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر بارینەی سنەی گرتووەتەوە، گرفتی بۆ هاتوچۆی نێوان گوند و شارەکان دروستکردووە و تاوەکوو بەرە بەیانی ئەمڕۆکە لە کۆی ڕێگە داخراوەکانی 297 گوند، توانیویانە ڕێگەی 80 گوند بکەنەوە، کە هاتوچۆ تیایدا یاسایی بێت. 

هەروەها ئاماژەیداوە، هەرچەندە تیمەکانی بەفر ڕاماڵین لە چالاکییەکانیان بەردەوامن، بەڵام بەهۆی بەردەوامی بەفر بارین و تەمومژەوە، پاککردنەوەی ڕێگەکانی سەقز – بۆکان و گوندەکانی ئەو ڕێگەیە، هاوکات چەندین تیمی دیکە بۆ کردنەوەی ڕێگەکانی سەوڵاوە، بانە، سەقز، دیواندەرە بەردەوامەوە.

بە گوتەی دانش زەندی، سەرجەم ڕێگە سەرەکی و لاوەکییەکانی شاری سنەی کراوەن، بەڵام بەهۆی زریان و بەستنی ڕێگەکان، پێویستە شۆفێرەکانی تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان زنجیر بکەن، بۆ ئەوەی لە ئەگەر و مەترسی ڕووداو پارێزراو بن.