مستەفا ئەلکەرعاوی: بەم نزیکانە یاسای بوودجە دەچێتە واری جێبەجێکردن

لیژنەی دارایی یاسایی پەرلەمانی عێراق پشتڕاستی کردەوە، هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە یاسای بودجەدا نەکراوە، ئاماژە بەوە دەکات هەموارکردنەوەکان تایبەتن بە مادەی 12 سەبارەت بە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، مستەفا ئەلکەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "ئەو هەموارکردنانەی لەلایەن سەرۆکوەزیران و ئەنجومەنی وەزیرانەوە نێردرابوون، سنووردارکراوبوون بە مادەی (12)ـی پەیوەست بە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان".
ئەلکەراوی ڕوونیشیکردەوە، "بڕیارە بەم نزیکانە ماددە هەموارکردنەکە بچێتە واری جێبەجێکردن، بەمەش ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەدرێت لە کێڵگەکانی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا"، ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی هەموارکردنەکانی ئەم دواییە، هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە یاسای بوودجەدا نەکراوە، هەروەها ئاماژە بە هیچ دامەزراندنێکی نوێ نەکراوە، تەنها حکوومەت دەتوانێت لەچوارچێوەی خشتەکانی بوودجە چەند پسپۆرییەک و ناوەڕۆکێكی پێشوو کارا بکاتەوە.
یەکشەممەی ڕابردوو، 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 176 ئەندام بۆ دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسا و هەمواری چەند یاسایەک کۆبووەوە و گرنگترینیان هەمواری یاسای بودجە بوو کە ماددەی (12) بڕگەی دووەم (ج) تایبەت بوو بە زیادکردنی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی.
لە کۆبوونەوەکەدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگ بە هەمواری یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) درا، بەم جۆرەش بە گوتەی پەرلەمانتارانی پارتی هیچ بیانوییەک بۆ هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەما.