ناوی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەستی خوێندنی باڵا ئاراستەی وەزارەتی دارایی کرا

وەزارەتی خوێندنی باڵا بە نووسراوێک، لیستی ناوی 971 مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەستی دیوان و سەرجەم زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کرد.
یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستیی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە (2909)، لیستی ناوی سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەرە گرێبەستەکانی دیوان و زانکۆ حکوومییەکان، بۆ مەبەسەتی بە هەمیشەییکردن ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد.
ڕۆژی 24ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنی دارایی ژمارە (9)ـی ساڵی (2024)ـی تایبەت بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست؛ ئاراستەی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان کرد.
بەپێی گشتاندنەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، فەرمانبەری گرێبەست دەبێت سێ ساڵ زیاتر خزمەتی هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە فەرمانبەری هەمیشەیی.
ڕۆژی 10ـی ئەیلوولی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کرد بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکوومەتی فیدراڵ لەم بارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
هەرچی تایبەت بە دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانیش، ماوەی شەش ساڵە دامەزراندنیان ڕاگیراوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە پاڵ بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست؛ بڕیاری دامەزراندنی نزیکەی 13 هەزار یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان دەرکردووە و وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ بکات.