بە فەرمی زاخۆ بووە پاڵەوانی قۆناغی یەكەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق
هەولێر لە دوایین رۆژ تووشی شكستێكی قورس بوو

لە دوایین گەڕی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە نێچیرێكی ئاسانی بەردەستی نەورۆز یارییەكەی بە ئاست و ئەنجام دۆڕاند، یانەكانی زاخۆ و دهۆكیش بە سەركەوتن كۆتاییان بە قۆناغی یەكەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق هێنا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10 شوباتی 2025، لە گەڕی نۆزدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی نەورۆز لەبەردەم زیاتر لە 20 هەزار هاندەر میوانداریی هەولێری پایتەختی كرد، لەو یارییە نەورۆز كۆنترۆڵی یارییەكەی كرد و رێگەی نەدا نوێنەرەكەی قەڵاومنارە ئاستی راستەقینەی خۆی پێشكەش بكات.
لە نیوەی یەكەم، هەولێر سەرەڕای ئەوەی ئاستێكی خراپی پێشكەش كرد، بەڵام رێگەی نەدا تۆڕی گۆڵەكەی بهەژێت، بەڵام لە نیوەی دووەم نەورۆز گڕی گرتبوو، لە خولەكی 51 مەڕوان حوسێن گۆڵی یەكەمی نەورۆزی كرد.
دوای پێنج خولەكی دیكە، نەورۆز لە رێگەی ماڕادۆنا ئەنجامەكەی دوو هێندە لێكرد و گۆڵی دووەمی سوورپۆشەكانی سلێمانی تۆمار كرد، لە خولەكی زیادكراوی كۆتاییش شێركۆ كەریم لێدانێكی پێناڵتی هەولێری لەدەست دا و یارییەكە تا كۆتایی بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە بەرژەوەندی نەورۆز كۆتایی هات.

زاخۆ، قاسمی وێران كرد
زاخۆ لە دوایین یاریی قۆناغی یەكەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی قاسمی تووشی شكستێكی جەرگبڕ كرد و نیودەرزن گۆڵی لێكرد، لەو یارییەدا گۆستاڤۆ هێنریك هێرشبەری زاخۆ هاتریكی كرد، یارییەكەش بە ئەنجامی 6 ـ 2 لە بەرژەوەندی زاخۆ كۆتایی هات.
زاخۆ یازدەیەمین سەركەوتنی تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 38 خاڵ لوتكەی خولی ئەستێرەكانی عێراقی گرت و بە جیاوازی 3 خاڵ لە شورتەی نزیكترین ركابەری دوورە، شورتە یارییەكی دواخراوی هەیە و بۆ ئەوەی لوتكەی خولەكە بە زاخۆ چۆل بكات دەبێت بە جیاوازی 4 گۆڵ یارییە دواخراوەكەی لە نەفتی بەسرە بباتەوە.

هەڵۆیەكان تا دێت بەرزتر دەفڕن
یانەی دهۆك لە گەڕی نۆزدەیەمین خولی ئەستێرەكانی عێراق لەبەردەم ئاپۆڕای هەزاران هاندەری میوانداریی یانەی نەفتی كرد و یارییەكەی بە گۆڵێكی لوكاس هێنریكی بەرازیلی بردەوە.
هەڵۆیەكانی بادینان یارییەكی دواخراویان بەرامبەر تەڵەبە هەیە، لە ئەگەری بردنەوەی ئەو یارییە، دهۆك دەرفەتی ئەوەی هەیە لە پلەی دووەم كۆتایی بە قۆناغی یەكەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق بهێنێت، بە مەرجێك دهۆك یارییە دواخراوەكەی بباتەوە، لە بەرامبەردا شورتەش لە نەفتی بەسرە نەباتەوە.
