سیپان شێروانی: لێپرسینەوە له ده‌نگۆی سپیكردنه‌وه‌ی پاره له بانكی ڕافیده‌ین ده‌كه‌ین

په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق لە وەڵامێكدا بۆ كۆنگرێسمانێكی ئه‌مه‌ریكی لە بارەی سپیكردنه‌وه‌ی پاره له بانكی ڕافیدەین ده‌ڵێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوە لە بنەڕەتی ئەم کێشەیە دەكات.
دووشه‌ممه، 10ـی شوباتی 2025، سیپان شێروانی، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك وه‌ڵامی پۆستێكی جۆ ویلسۆن، كۆنگرێسمانی ئه‌مه‌ریكی لە بارەی سپیكردنه‌وه‌ی پاره له بانكی ڕافیدەین داوه‌ته‌وه و جه‌خت ده‌كاته‌وه، كه دڵنیایان ده‌كاته‌وه پەرلەمانی عێراق له‌سه‌ر ئه‌م پرسه لێپرسینەوە لە بنەڕەتی ئەم کێشەیە دەكات.
سیپان شێروانی گوتووشیه‌تی، پێشتر نووسراوی فەرمییان ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكی ڕافیده‌ین کردووە کە داوای زانیاریی زیاتریان لەسەر ئەم بابەتە کردووە.
شێروانی جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه، نیگەرانییەکانی سپیکردنەوەی پارە تەنیا بەشێکی بچووکە لە کێشەکە و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوایان له ته‌یف سامی، وه‌زیری دارایی فیدراڵ كردووه دوو خاڵی بنه‌ڕه‌تی ڕوون بكه‌نه‌وه. یه‌كێكیان بۆچی ماوه‌ی 9 ساڵە بانکی ڕافیدەین وردبینی بۆ نەکراوە؟ دووه‌میان بۆچی ڕاپۆرتیان پێ دەگات سەبارەت بە قەرزە ناجێگیرەکان و سامانی گوماناوی ڕانەگەیەنراو؟ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا پێویستییان بە هاوکاری وه‌زاره‌تی دارایی بۆ بەدواداچوون و چارەکردنی ئەو نیگەرانییانە.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتووشیه‌تی، ئەگەر وەزیری دارایی فیدراڵ گەندەڵی بەربڵاوی بانکی ڕافیدەین پەردەپۆش بکات، ئەوا بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. هاوكات سیپان شێروانی داوای له محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه لێپرسینه‌وه بكات.
دووشه‌ممه، 10ـی شوباتی 2025، سیپان شێروانی، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق داواكارییه‌كی بڵاو كرده‌وه، كه ڕێكه‌وتی 5ـی شوباتی 2025ـی به سه‌ره‌وه و ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكی ڕافیده‌ینی كردووه.
سیپان شێروانی داوای له به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكی ڕافیده‌ین كردوو به پێی بڕگه‌كانی مادده‌ی (61/ب2)ـی ده‌ستوور و مادده‌ی (27/ب7)ـی یاسای به‌ركاری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ژماره 13ـی ساڵی 2018 و مادده‌ی 96ـی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، زانیاری‌یان پێ بدات له باره‌ی خشته‌ی ورده‌كارییه‌كانی بڕی قه‌رزی ناجێگیر له بانكه‌كه‌یان ڕێژه‌ی قه‌رزی ناجێگیر له كۆی قه‌رزه‌كانی بانكه‌كه.