مەسرور بارزانی: دیدگای خۆمان بۆ داهاتووی کوردستان ڕوونکردەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان، دیدگای خۆمان بۆ داهاتووی کوردستان ڕوونکردەوە.
سەرۆک وەزیران دوای بەشداری و قسەکردن لە پانێلی "تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و لەدەستنەدانی دەرفەتەکان" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی" لە #WGS25 دیدگای خۆمان بۆ داهاتووی کوردستان ڕوونکردەوە: چاکسازی، گەشەپێدان و حکومەتێک کە پێگەی خۆی وەکو ڕێکخەر و ڕێخۆشکەر بۆ دەرفەت و گەشەکردن تەرخان دەکات".
لە #WGS25 دیدگای خۆمان بۆ داهاتووی کوردستان ڕوونکردەوە: چاکسازی، گەشەپێدان، و حکومەتێک کە پێگەی خۆی وەکو ڕێکخەر و ڕێخۆشکەر بۆ دەرفەت و گەشەکردن تەرخان دەکات.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) February 11, 2025
کاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی شوباتی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆیی بۆ بەشداری کردنەوەی لە لووتکەکە دەربڕی و گوتی" ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هەمانە، زۆر گرنگ بووە بۆ هاندانی بازرگان و وەبەرهێنەرانی بیانی، تاوەکوو بێن لە هەرێمەکەمان وەبەرهێنان بکەن و کاری بازرگانیی خۆیان بکەن."
دووشەممە، 10-02-2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، گەیشتە ئیمارات، بۆ بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان کە لە دوبەی بەڕێوە دەچێت.
ئەندامانی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات بریتین لە:
1. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
2. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
3. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
4. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان ئەمڕۆ سێشەممە دەستی پێ کرد و تاوەکوو 13ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، لووتکەکە لە شاری دوبەی بەڕێوە دەچێت. بریارە لە پەراوێزی لووتکەکەدا، سەرۆک وەزیران زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان بکات.